کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان

16:19 - 8 خاکەلێوه 2723

کاک ناسر سوڵتانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی حیزبی دێموکرات، لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا لە شاری بۆکان، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک ناسر سوڵتانی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی بوو بە ئەندامی حیزب و مانگی سەرماوەزی ١٣٧٣ لە شاری بۆکان، لەگەڵ تیمێکی تەشکیلاتی حیزب، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

لەو تیمە تەشکیلاتییەدا دوو هاوڕێی کاک ناسر سوڵتانی بە ناوەکانی شەهیدان "سەید کەریم ڕاج و عەبدوڵڵا ئەمینی"، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و لەسێدارە دران.

ئەوکات کاک ناسر سوڵتانی، لەلایەن دادگای نادادپەروەری ڕێژیمەوە سزای ٢٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە پاش ١٢ ساڵ زیندان، ئازاد کرا و پێوەندیی بە حیزبەوە گرت و تا ئەو کاتەی ماڵاوایی لە ژیان کرد، وەفادار بە حیزب و ڕێبازی شەهیدان مایەوە.

کاک ناسر سوڵتانی، برای شەهید مەحموود سوڵتانی بوو. شەهید مەحموود، سەرپەل لە هێزی بەیان ڕۆژی ٢٥/١/١٣٦١ لە شەڕێکی قورس لە ئاوایی‌ قه‌ره‌كه‌ند دوای حەماسەخوڵقێنییەکی بێ‌وێنەدا بە گوللەی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک "ناسر سوڵتانی"، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی شاری بۆکان دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.