(دەقی وتەکانی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە تۆرنتۆ)
من لێرە وەک تاک یان سێلێبریتییەک قسە ناکەم، بەڵکوو نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەم و لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە هەوڵ دەدەم تیشک بخەمەوە سەر سیاسەت و چارەسەری سیاسیی خۆمان سەبارەت بە چۆنیەتیی پێکهێنانی ئاڵترناتیو دژی کۆماری ئیسلامی.
وتووێژەکان سەبارەت بە چۆنیەتیی پێکهێنانی ئالترناتیو کاتێکی زۆری خایاند. خەڵکی ئێران لەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەدا کە لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و لە بەلووچستان گەیشتە لوتکە، بۆ وەدیهێنانی ئەو هاوپەیوەندی و یەکگرتووییە نرخێکی زۆریان دا.
فازی یەکەمی ئەو خەباتە لە نێوخۆی ئێران کە توانی ڕێژیم بە چالش بکێشێ، هەڵگری کۆمەڵێک پەیام بوو. لە نێوخۆی ئێران هاوپەیوەندیی نێوان نەتەوە جیاوازەکان و خەڵکانی ئێران بە شێوازێک بوو کە شەقامەکانی ئێران بۆ یەکەم جار یەکگرتووییەکی سەراسەری بەخۆیەوە دیت. لە نێوخۆی ئێران باسێک لە ناوەندگەرایی، تەواویەتیی ئەرزی و جیاییخوازی نەبوو. من ئاواتەخواز بووم بە سەرنجدان بە واقعییەتەکانی ئەو بزووتنەوەیە لە نێوخۆی ئێران، لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیش -چ بەشێوەی گرووپی و حیزبی و چ بەشێوەی تاک- بارودۆخەکە باشتر ئیدارە کرابا.
ئەو ڕاپەڕینە لە کوردستان تەواو مەدەنی و ئاشتیخوازانە بوو، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا بەرەو توندوتیژیی بەرێ و درز بخاتە نێو هاوپەیوەندیی بەربڵاوی خەڵک، لە ئەنجامی ئەوەدا بوو کە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و و حیزبە کوردییەکانی دیکەی مووشەکباران کرد.
ڕەفتار و هەڵسەکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵک، لە کوردستان و بەلووچستان جیاواز بوو لەوەی لە گەورەشارەکانی ئێران هەبوو. هەر بۆیە سروشتی هەڵاواردن و شێوازی هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ناوەندگەرا و سەرەڕۆی ئایینی لە تاران، ڕێک وەبیرهێنەرەوەی ئەو سیاسەتانەیە کە لە ڕابردوودا ئەزموونمان کردوە.
بەخۆشیەوە ئێمە لە کوردستان ئەزموونێکی دوورودرێژ و مێژووییمان لە شێوازی ڕێکخستن و کاری حیزبی لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا هەیە و ئەو ئەزموونە بوو کە توانی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بزووتنەوەی کوردستان لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا بەزیندوویی بێڵێتەوە. ئێمە بەرگەی مووشەکباران و بۆردومانمان گرت، ڕێبەرانمان تیرۆر کران، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ڕێکخستنی خەڵکی کوردستان بوو کە بووە پێشەنگی ئەو بزووتنەوەیە.
خاڵێک کە لێرە دەمهەوێ جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە ئێمە لە ڕەوتی پێکهێنانی ئالترناتیودا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین کە چۆن حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بکەینە بەردەنگی خۆمان. ئێمە هیچ دژایەتییەکمان لەگەڵ سێلێبریتی و چالاکانی سیاسی وەکوو تاک نییە. بەڵام بڕوامان بەوە نییە سێلێبریتی و کەسایەتییەکان دەبێ ئێران بەڕێوە ببەن. ئەزموونی ئێمە لە کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێ کە ڕێکخستن و بەڕێکخراوبوون بنەمای دروستکردنەوەی ئێرانی داهاتوو دەبێ. لەبەر ئەوەی خەڵک تووڕەن، بەئەنجام گەیاندنی شۆڕش کارێکی ئاسانترە، بەڵام ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەی دوای شۆڕش، ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە. ساڵی ٥٧ شۆڕش کرا و هەموومان دژی ڕێژیمی پاشایەتی بووین، بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش و بنیاتنانی ئێرانی نوێ دیتمان کە چۆن ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت ئەوانی تریان خستە پەراوێزەوە. بۆ ئەوەی ئەو ئەزموونە دووبارە نەبێتەوە، ئێمە پێویستە لە ئیستاوە قسە لەسەر چۆنیەتیی ئیدارەی ئێرانی داهاتوو بکەین. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان پێمانوایە نابێت کۆی ئەو پرسانە بە داهاتوو بسپێرین و بڵێن با سندووقەکانی دەنگدان یەکلایان بکاتەوە. بەداخەوە تائێستاش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی ئیسلامی، دیمۆکراسی و دامەزراوە مەدەنییەکان نەگەیشتوونەتە ئاستێک کە بەبێ کێشە بتوانین ئەو قۆناغە تێپەڕێنین.
سیاسەتی ئێمە لەو پەیوەندییەدا چییە؟
پێویستە پێکهێنانی ئالترناتیو ڕەنگدانەوەی واقعییەتەکانی کۆمەڵگەی ئێران بێ. ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و پێویستە نەتەوە جیاوازەکان پێکەوە ڕێکبکەون. کاتێک باس لە فرەنەتەوەیی دەکەم نابێت تەنیا سەرنجمان بەرەولای کوردەکان، بەلووچەکان و ئازەرییەکان بچێت، لە ڕوانگەی منەوە فارسەکانیش بەشێکن لەو وڵاتە فرەنەتەوەیە و لەسەر ئەو بڕوایەین ئیدارەی ئێرانی داهاتوو بەبێ بەشداریی چالاکی نەتەوەی فارس وەک یەک لە نەتەوەکان وەدی نایەت. هەر بۆیە هیوادارم کۆنگرەی نەتەوەکان فراوانتر بێتەوە و لەسەر ئەو بنەمایە بتوانین لەسەر داهاتوو ڕێکبکەوین.
سەبارەت بەو ئالترناتیوانەی تائێستا باسیان لێ کراوە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوو سیستەممان ئەزموون کردووە: سیستەمی پاشایەتی و دواتر سیستەمی سەرەڕۆی دینیی کۆماری ئیسلامی. ئێمە بەتەواوی دژی ئەو دوو جۆرە نیزامی سیاسییەین و ڕەتیان دەکەینەوە. لە هەمان کاتدا بڕوامان بەوە هەیە کە لایەنگرانی ڕەوتە جیاوازەکان لەنێو ئێراندا هەن. ئێمە پێمان وایە سیستەمی کۆماری دەتوانێ ئالترناتیوێکی گونجاو بێ بۆ داهاتووی ئێران. کۆماریخوازی لەسەر بنەمای داننان بە ئێرانی فرەنەتەوە، جیایی دین لە دەوڵەت، دیمۆکراسی، دابەشکردنی دەسەڵات و ڕەتکردنەوەی ناوەندگەرایی لە ئێراندا دەتوانێ بنەمایەکی باش بۆ دروستکردنەوەی ئێرانی داهاتوو بێ.
لە پەیوەندی لەگەڵ کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەمهەوێ جەخت لەوە بکەمەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەرگیز بێ تەفاوەت نەبووە سەبارەت بە داڕشتنەوەی داهاتووی ئێران و بەڕێوەبردنی، ئێمە تێچووی زۆر و قورسمان لەو پێناوەدا داوە. دوکتور شەڕەفکەندی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە غەیرە کوردەکانی دژبەری ئێران لە بێرلین تیرۆر کرا. ئێمە نرخی گەورەمان بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی لەنێو حیزب و ڕێکخراوە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی داوە. ئێمە بۆچوون و ڕێگەچارەی خۆمان هەیە، کار لەسەر ئەوە دەکەین و لە داهاتووشدا سەبارەت بە داهاتووی ئێران بێ تەفاوەت نابین.
سەبارەت بە پێکهێنانی ئالترناتیو کە باسی لێ دەکرێ و بۆتە جێگای سەرنجی میدیاکان، لێرەدا ئاماژە بە هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەم.
لەسەر بنەمای باوەڕمان بەو واقعییەتەی کە دەبێ حیزبە سیاسییەکان پێکەوە ئالترناتیو دروست بکەن، مەنشووری جۆرج تاون ڕەت دەکەینەوە و پێمانوایە پەلە کراوە لەو پڕۆسەیەدا، پێویست بوو وتووێژی زیاتر لەنێوان حیزب و ڕێکخراوە جیاوازەکاندا کرابایە. هەر بۆیە ئێمە داوا لە خەڵکی کوردستان ناکەین پشتیوانی لە مەنشووری جۆرج تاون بکەن. ئەوە بەو مانایە نییە ئێمە شەڕمان ڕاگەیاندبێ، بەو مانایەش نییە کە ئێمە بەدوای دژایەتی لەگەڵ ئەم و ئەو بین. ئێمە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لە پەیوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی هەڵسوکەوتمان لەگەڵ ڕێکخراوە ئێرانییەکان بەرەوڕووی ڕەخنەی زۆر بووینەتەوە.
لە کۆتاییدا دووبارە ئاماژە بەوە دەکەم کە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی پێکهێنانی ئالترناتیو، کار لەسەر سیستەمی کۆماری دەکەین بە بەشداریی گرووپە ئیتنیکی و نەتەوەییە جیاوازەکانی نێو ئێران و هەروەها هەموو ئەو ڕەوت و ڕێکخراوانەی باوەڕیان بە دیمۆکڕاسی و ڕەتکردنەوەی ناوەندگەرایی و جیایی دین لە دەوڵەتن و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەئێستادا سەرقاڵی وتووێژێکی بەرفراوانە لەگەڵ گرووپە ئیتنیکی و نەتەوەییە جیاوازەکانە.
دیسان سپاستان دەکەم بۆ ئەو دەرفەتەی پێتان دام و هیوادارم ئەو باس و گفتوگۆیانە بەردەوام بن.