کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران

10:36 - 9 خاکەلێوه 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی سێشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیم، ٨ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی وەکوو کۆبوونەوەی مامۆستایانی شارەکانی تەورێز، بجنوورد، زەنجان، مەلایەر، ئەردەبیل، کرماشان و هەمەدان، لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شارەکانیان بەڕێوە چوو.

لەلایەکی دیکەوە و لە شاری ئەهواز، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، لەهەمبەر نابەرپرسبوونی بەرپرسانی ڕێژیم لەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە بەردەم ئیدارەی گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی پارێزگای ئەلئەحواز کۆ بوونەوە.

هاووڵاتییانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی خواست و ویستەکانیان لەلایەن بەرپرسانەوە جێبەجێ نەکرێت، درێژە بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن.