کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یوونان: تاوانبارانی هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر ڕێستورانی جوولەکەکان، پێوەندییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە

11:03 - 9 خاکەلێوه 2723

پۆلیسی وڵاتی یوونان، پاش دەسبەسەرکردنی دوو کەس لە ئەندامانی گرووپێک کە دەیانەویست هێرشی تێرۆریستی بکەنە سەر ڕستورانێکی ئیسرائیلی لە ئاتێن، ڕایگەیاند کە ئەو گرووپە پێوەندییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە پۆلیسی یوونان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕێکخراوی دژە تێرۆری ئەو وڵاتە، دوو کەسی تاوانبار بە هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر ڕیستورانی جوولەکەکان لە شاری ئاتێنی دەسبەسەر کردووە و دەرکەوتووە کە ئەو تێرۆریستانە پێوەندییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە.

ڕێکخراوی دژە تێرۆری یوونان ڕایگەیاندووە: "ئەو گرووپە تێرۆریستییە لە دەرەوە ڕێک خراون و گومانمان لەوەدا نییە کە ڕێژیمی ئێران ئەو گرووپە سەرپەرستی دەکات."

هەروەها "مووساد" لەم پێوەنییەدا ڕایگەیاندووە: "لێکۆڵینەوەکەمان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئەو گرووپە تێرۆریستییە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن."

جێگەی ئاماژەیە کە هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران دژی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە ڕوون و ئاشکرایە و هاوینی ڕابردوو هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە پێشیان بە پیلانێکی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تورکیە دژی هاووڵاتییانی ئیسرائیل گرتووە.