کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی لە شارەکانی کوردستان بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە

11:58 - 9 خاکەلێوه 2723

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی "سنە، بۆکان و شنۆ"، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە شارەکانی سنە، بۆکان و شنۆ، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەندامانی حیزب لە شاری سنە و لە گەڕەکەکانی تەکییە و چەمەن، شارەک زاگرۆس، بەهاران، فەرەح و گوڵشەن، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی شەهیدان، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەلایەکی ترەوە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و ئارمی حیزب و تراکت و وێنەی شەهیدانی پێشمەرگە و شەهیدانی ڕاپەڕینی شۆڕشی ژینا لە شاری بۆکان و گوندەکانی "وەتەمیش، قۆرغان، شێخاڵی، کانی کەوتێر، سەهۆڵان و یاڵاوا"، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد، هەروەها سەردانی بنەماڵەی شەهیدانیان کرد.

هەروەها لە شاری شنۆ، ئەندامانی بوێر و وەفادار بە گەل و نیشتمان بە بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بە ڕۆژی شەهیدان، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی شۆڕشی ژینا دووپات کردەوە.

 

شایانی باسە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و تێکۆشەرانی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەردەوام و بە شێوەی جۆراوجۆر، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام داوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی لە نێوخۆی وڵات، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامبوونیان لە ئەرکە حیزبی و نیشتمانییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.