کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە

10:38 - 10 خاکەلێوه 2723

یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پەیامێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

هەر وەک ئاگادارن ٧٦ ساڵ پێش ئێستا، ڕوژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی، ڕێبەری زانا و بلیمەتی نەتەوەی کورد و سەرۆککۆمارە تاقانەکەی کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی محەممەد حوسێن خانی سەیفی قازی و ئەبوولقاسمی سەدری قازی، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد بە دەستی ڕەشی دەسەڵاتی فاشیستیی تاران و بە فەرمانی دیکتاتۆریی پاڵەوی لەسێدارە دران و بوونە سەرقافڵەی سوورخەڵاتانی نیشتمان.

کارەساتی شەهیدکرانی پێشەوا و هاوڕێیانی کە پاش شەهیدکرانی کۆماری هیوا و ئاواتەکانی نەتەوەی کورد و لە ئەنجامی بڕیارێکی سیاسیی بێدادگایی سەربازیی ڕێژیمی پاڵەویدا ڕووی دا، هێما و واتای کێشانی سنوورێک بە خوێن لەنێوان نەتەوەی کورد و دەسەڵاتی داگیرکەری ئێراندا بوو.

سنوورێک کە بە شەهیدکرانی سەدان و هەزاران ڕۆڵەی دیکەی ئەم نیشتمانە و ڕێبەرانی دیکەی وەک قاسملوو و شەرەفکەندی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆختر بووەتەوە، تاکوو بڵێسەی ڕقی شۆڕشگێڕانەی کورد لە دوژمنی داگیرکەر بەتینتر بێت و نەوە لە دوای نەوە خەڵکی کوردستان بە گیانفیدایی خۆیان بیسەلمێنن کە کوشتن و بڕین و زەبروزەنگ ناتوانێت ئیرادەی لەشکاننەهاتووی ئەوان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی لاواز بکات و ڕۆڵەکانی کۆمار، هەتا سەر ڕێبواری بەئەمەگ و شێلگیری ڕێگای خەبات بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی پێشەوای مەزنی کورد و هەموو شەهیدانی نیشتمانن.

لەسێدارەدانی پێشەوا کە باوەڕێکی قووڵی بە دێموکراسی، پێشکەوتنی کۆمەڵگە، پێکەوەژیانی گەلان و چارەسەریی ئاشتییانەی پرسە سیاسییەکان بوو، بە واتای کوشتن و لەسێدارەدانی هەموو ئەو چەمک و باوەڕانە لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستیی تارانەوە بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ دەبینین کە کوردستان، ئەو نیشتمانەی کە قازی محەممەد سوێندی خواردبوو بە گیان و بە خوێنی خۆی پارێزگاری لە سەروەریی خاک و کەرامەتی ئینسانیی تاکەکانی بکات، لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادیـ"ـدا بووەتە لانکەی ڕاپەڕینێکی مەزن دژ بە کۆنەپەرستترین دەسەڵاتی سەردەم.

ڕۆڵەکانی پێشەوا بە ئەزمون وەرگرتن لە وانەکانی ڕێبەرانی شەهیدیان، بەوپەڕی ئازایەتی و بوێرییەوە شەقامەکانیان لە داگیرکەر کردووەتە دۆزەخ و بەبێ هیچ سڵەمینەوەیەک تا لووتکەی فیداکردنی گیانی پاکیان بەرەنگاری چەکدارە خوێنمژەکانی ڕێژیم دەبنەوە و وەک پێشەوا کە لە بێدادگایی سەربازیدا وتبووی: "هەرکامەیان دەبنە قازی محەممەدێک و مەشخەڵێکی بڵێسەدار بۆ گیانی تاریکی و کۆنەپەرستی."

لە حەفتا و شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونی پێشەوا و هاوڕێیانیدا، ئێمە یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران، وێڕای دووپاتکردنەوەی وەفاداریمان بە ڕێبازی شەهیدان، یادیان دەکەینە هەوێنی بەردەوامی لە خەبات و وانەکانیان دەکەینە چرای ڕێگای تێکۆشانمان.