کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارلمانی ئۆتریش

10:47 - 10 خاکەلێوه 2723

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حیزبی سوسیال دێموکراتی ئۆتریش، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستیی "محەممەد فەقێ عەلی"، بەرپرسی پەیوەندییە نێوەنەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لەو وڵاتە، لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ژینا لە پارلمان بەشدارییان کرد.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات پێک هاتبوو لە بەڕێزان "د. جەزا ساڵحی بەرپرسی کۆمیتە، مونیرە نیگەهدار بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانی کۆمیتە، مریەم حەکیمزادە ئەندامی دێرینی حیزب و هەروەها د. فرود حەیدەری دۆستی حیزب" و بەرپرسی ڕێکخراوی کوردی یارسان لە وڵاتی ئۆتریش.

لەو ڕێوڕەسمەدا ئاڤا فەرەج‌پووری، ئەندامی شۆرای شاری ڤییەن لەسەر لیستی سوسیال دێموکراتەکان، باسێکی لەسەر کورد و نەورۆز پێشکەش کرد.

فەرج‌پووری بە ئاماژەدا بە گرینگیی ئەو یادە هیوای خواست کە یەکگرتن و یەکڕیزیی گەلانی ئێران زیاتر و دیارتر بێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بتوانین کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیمەت و پشتیوانیی هەموولایەک و بۆ هەمیشە بخەینە زبڵدانی مێژووەوە.

پاشان د. هاڕاڵد ترۆخ، ئەندام پارلمان لەسەر لیستی سوسیال دێموکراتەکان، لەسەر گرینگیی یەکگرتوویی گەلانی ئێران، بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات وتی: بۆ ئەوەی بتوانن سەرنجی زیاتری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن، دەبێ یەکگرتووتر بن.