ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات لە گوندەکانی کوردستان، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزب ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانەوە چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان لە ئاواییەکانی کوردستان بەڕێوە برد.
ئەندامانی دڵسۆزی حیزب لە ئاوایی شەهیدپەروەری نییەر سەر بە شاری سنە، بەبۆنەی ١٠ خاکەلێوە سەردانی گڵکۆی شەهیدانیان کرد و بە دانانی جامانە و تاجە گوڵینە و هەروەها تراکتی تایبەت بە ڕۆژی شەهیدان، بە داگیرکەرانی کوردستانیان سەلماندەوە کە تا کوردێک بمێنێت کوردستانیش دەمێنێت.
ئەندامانی حیزب لە ئاواییەکانی "بڵەسەن و سیوچـ"ـی سەر بە شاری بانە بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکتی تایبەت بە ڕۆژی شەهیدان، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.
هەروەها لە ئاوایی سەردۆش سەر بە شاری مەریوان و ئاواییەکانی قاڕنێ و شاوەلە سەر بە شاری نەغەدە و ئاوایی گوندەوێڵە سەر بە شاری شنۆ، ئەندامان و دڵسۆزانی حیزب و نیشتمان لە ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا بە بڵاوکردنەوەی وێنە و تراکتی تایبەت بە ڕۆژی شەهیدان و هەروەها هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، لەگەڵ ئاوات و ئامانجەکانی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.