کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزەکردنی گۆڕستانی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە

18:14 - 10 خاکەلێوه 2723

بەپێی دوایین زانیارییەکان کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، گۆڕستانی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە میلیتاریزە کراوە و ئەو هێزانە ڕێگە نادەن کە خەڵک سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزی نیزامی و ئینتزامیی جێگیر کردووە و لە زۆربەی شارەکاندا، ئەو هێزانە ڕێگەیان بە خەڵک نەداوە بە کۆمەڵ سەردانی گڵگۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بکەن.

لە شاری بۆکان، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گۆڕستانی ئەو شارەیان گەمارۆ داوە و ڕێگرییان لە خەڵک کردووە کە سەردانی ئەو گۆڕستانە بکەن.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو هێزانە پێشیان بە خەڵک گرتووە و ٥ کەس ٥ کەس ڕێگەیان بە خەڵک داوە کە بچنە ژوورەوە و سەردانی گڵگۆی شەهیدان بکەن.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە هێزەکانی ڕێژیم بە دەیان ماشینی نیزامی لەنێو شاری بۆکاندا بە مەبەستی دروستکردنی کەشی ئەمنییەتی، لە هاتوچۆدان.