کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک مامۆستای خانەنشینکراوی چەند شاری کوردستان، لە بەردەم پارێزگاریی ورمێ ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

13:22 - 10 رەشەمه 2722

ڕۆژی سێشەممە ۹ی ڕەشەمەی ۱٤۰۱ی هەتاوی، کۆمەڵێک مامۆستای خانەنشینکراو لە چەند شاری سەر بە پارێزگای ورمێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و پێکهێنانی کۆبوونەوە، ڕوویان لە شاری ورمێ کرد و لەگەڵ هاوکارانیان لەو شارە لە بەردەم پارێزگاریی ورمێ ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و دروشمیان دا.

لە ئەنجامی کۆبوونەوەی مامۆستایان، هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم ڕووبەڕووی مامۆستایان بوونەوە و ویستیان شەقامیان پێ چۆڵ بکەن کە مامۆستایان وڵامیان نەدانەوە.

مامۆستایان لە پێداگریکردن لە خواستەکانی خۆیان، جێگری پارێزگا و چەندین بەرپرسی دیکەیان ناچار کرد کە بێنە لایان و گوێ لە خواستەکانیان بگرن. هەروەها مامۆستایان ڕوو بە بەرپرسانی ڕێژیم وتیان: ئەگەر وڵاممان نەدەنەوە، چەند ڕۆژی دیکە بە شێوەی بەربڵاوتر و زۆرتر لە ئێستا، کۆ دەبینەوە.

ڕۆژی سێشەممە، خانەنشینکراوان لە چەند شاری کوردستان و ئێران لەوانە ''سنە، کرماشان، مەریوان، ئیلام، شەهری کورد، یەزد، ئەردەبیل، ئەراک، ئیسفەهان، تەورێز، کرمان، ڕەشت، ساری و قەزوین''، لە بەردەم بینای پارێزگاریی ڕێژیم لەو شارانە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و بە دروشمدان داوای پێڕاگەیشتن بە کێشە و گرفتەکانیان کردەوە.