ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە دوو شاری سەقز و مەهاباد بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کۆماری کوردستان و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، خەڵکی ئەو دوو شارە لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا کۆ بوونەوە.
خەڵک بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بە ئامادەبوونیان و وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی و دروشم بە دژی دەسەڵاتی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی، ئەو ڕۆژە و یاد و ناو و خەباتی شەهیدانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.
ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی هەر ساڵ خەڵکی کوردستان بە ئامادەبوونیان لەسەر گڵکۆی شەهیدانی کوردستان، ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی شەهیدان دەگرن. ئەمساڵیش دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و سەرکوتی بێبەزەییانەی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی ورەبەرزی کوردستان دیسان و گەرموگوڕتر لە ڕۆژانی پێشوو و سەرەڕای دۆخی ئەمنی و کەشی میلیتاریزەکراوی شارەکان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، لەسەر گڵکۆی پیرۆزی شەهیدان ئامادە بوون و سەلماندیان کە وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی کوردستانن.