کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشەوا بۆ هەر پێشەوایە؟

01:17 - 11 خاکەلێوه 2723

شــاهۆ مەتین

ستیڤن کۆڤی لە کتێبی"خەڵکانی کاریگەر"دا جەخت لەوە دەکاتەوە تا ئەوانی تر زیاتر ڕێز لە سەرکردە بگرن، ڕەواییەتی دەسەڵاتەکەی بەسەر ئەویدییەکاندا پتر دەبێت.

هەروەها چەند ڕاسپاردەی بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی سەرکردە و ڕێزگرتن لە چاوی ئەوانی تردا خستووەتەڕوو کە بریتیین لە :

ڕازیکردن: هاوبەشکردنی هۆکار و لۆژیکی خۆت لەگەڵ کەسانی تر، ڕاگەیاندنی هەڵوێست و بۆچوونی سەرکردە، و لەهەمان کاتدا بە قووڵی ڕێزگرتن لە بیر و بۆچوونی شوێنکەوتووان، پابەندبوون بە پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ شوێنکەوتووان تا گەیشتن بەئەنجامەکان بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی هەمووان لەخۆ بگرێت.

سەبر: سەرکردە دەبێت دیدگای درێژخایەنی خۆی لەبەر چاو بگرێت سەرەڕای هەموو کێشە و شکستێک و لە ئەگەری هەڵەی شوێنکەوتووان، پابەندی ئامانجەکانی بێت بەبێ گوێدانە هەموو ئاستەنگەکان .

کەڕامەت و وریایی: لەبڕی ئەوەی توندوتیژی بکەیت و دوژمنایەتی، کەڕامەت و وریایی نیشان بدە لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ لاوازی و ئاشکراکردن و ئەگەری هەستی شوێنکەوتووان.

توانای فێرکردن: بەو مانایەی کە سەرکردە هەست ناکات لە هەڵوێستێکدا کە هەموو وەڵامەکان بزانێت و بتوانێت لە هەموو کەسێک باشتر حوکم بدات و بۆچوون لەسەر هەموو بابەتەکان بدات.

قبوڵکردن، خۆبەدوورگرتن لە حوکمدان، ڕێزگرتن لە ئەگەری هەڵەبوون و ڕەچاوکردنی مەرجێک بۆ ڕاستبوون.

میهرەبانی، هەستیار بوون، گرنگیدان، خۆشەویستیی و بیرهێنانەوەی فەزیلەت و کردارە بەسوودەکانی ئەوانی تر.

پاک وخاوێنی، کۆکردنەوەی زانیاری ورد دەربارەی شوێنکەوتووان و بۆچوونەکانیان؛ ئەوان چین و دەتوانن ببنە چی.

گرنگیدانی تەواو بە مەبەست و بەها و ئامانجی شوێنکەوتووەکان لە بڕی ئەوەی تەنها گرنگی بە ڕەفتارەکانیان بدەیت  و خۆشەویستیی و داننان بە هەڵەی شوێنکەوتووان کە دەتوانن چی بکەن بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخەکە؛

بەردەوامی بەو مانایەیە کە شێوازی سەرکردایەتیت باڵادەست و فریودەر نییە، کە بەپێی هەلومەرج بەکاری دەهێنیت و لەکاتی بەرکەوتنی قەیران و تەحەددا ڕەنگەکەت دەگۆڕیت؛ بەرزکردنەوە، پابەندبوون بە بنەما و بەها دەربڕدراوەکان، پابەندبوون بە کارەکتەر و خودی ڕاستەقینە.

کۆی بوون، هاوئاهەنگی وتە و هەستەکان لەگەڵ بیرکردنەوە و کردارەکان بە لەبەرچاوگرتنی چاکەی ئەوانی تر، هەوڵنەدان بۆ فریودانی ئەوانی تر و بەکارنەهێنانی فریودان و زاڵبوون.

بە تێرامانێک لەو ڕاسپاردانەی ستیڤن کۆڤی بۆ کاریگەری دروستکردنی سەرکردەکان، بەو ڕاستییە دەگەین کە حەزرەتی پێشەوا قازی لەپێش ڕوح و ئەقڵی سەردەم ژیانی کردووە، چۆن لە کاتی نووسینی ئەم ڕاسپاردانەی ستیڤن کۆڤی بۆ کنریگەری سەرکردە و ژیانی پێشەوا قازی زیاتر لە پێنج دەیە مەودا بوونی هەیە و ئەوەش هەڵگری ئەو پێناسە شیاوەی دوکتۆر قاسملووی هەرمانە کە دەڵێت: پێشەوا گوڵێک بوو لە سەحرا ڕووابوو.

کە بە حەق مێنتالیەتی حەزرەتی پێشەوا لەپێش ڕوحی سەردەمەکەی خۆی بوو.

چۆن هیچ کات وەک سەرکردەیەک نەکەوتە تەڵەی خۆسەنتەری لە سەرکردایەتی ڕێکخراوەییدا و ئاوەزی کەسی لە پێش ئامانجە سەرەکییەکانی حیزبی دانەنا و کەسایەتییەک بوو، دوور لە وەهم، ستایشکردنی خۆی و خۆحەزی ؛ و خزمەتی نیشتیمان و نەتەوەکەی کرد.

دەرەنجام:

بەحەق دەتوانیین بڵێین سەرکردەیەکی  واقیعبین بوو و لۆژیکییەکانە بڕیاری دەدا و لەسەر دوو بنەمای گرینگ کاری دەکرد:

١- جێبەجێکردنی شتەکان و

٢- تەواوکردنی شتەکان.

لەسەر ئەساسی ئەم دوو بنەمایە کۆنتڕۆڵی خۆسەنتەریی خۆی دەکرد.

لە ڕاستیدا ئەگەر سەرکردەکان چێژە کورتخایەنەکانیان لە هەموو شتێک پێ باشتر بێت، ئەوا توانای هەڵسەنگاندنی واقیعەکانی جیهانی دەوروبەریان لەدەست دەدەن و بە چوارچێوەیەکی دەروونی درۆ و وەهمییەوە سەیری شتەکان دەکەن وەک میناک لە جیهانی ئەمڕۆشدا؛ "خامنەیی"یە.

لە ڕۆژی لە سێدارەدانی حەزرەتی پێشەوا قازی محەممەد هاورێیانییدا سەری ڕێز لە بەردەم ئارمانجە نەتەوەییی، نیشتیمانی و ئینسانییەکانیانی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دائەنوێنم و دەست بەسینگ لە بەردەم بەها و بایەخەکانیان دەوەستم.

ڕوحیان شاد و ئامانجەکانیان پایەدار بێت.