ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، خەڵکی نیشتمانپەروەر و بنەماڵەی شەهیدان، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی و سەردانکردنی گڵکۆی شەهیدان، یادی شەهیدانی کوردستانیان بەرز ڕاگرت و لەسەر درێژەدانی ڕێبازی شەهیدان پێداگرییان کردەوە.
ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە مەهاباد بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی و سەردانکردنی گڵکۆی شەهیدان، یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت و وێڕای پەیمان نوێکردنەوە، بە دوژمنانی کوردیان سەلماندەوە کە ڕێبازی شەهیدان هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانیان درێژەی هەیە.
ئەو شوێنانەی کە لە مەهاباد چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ناوشاری مەهاباد، ناوچەی چۆمی مەجیدخان گوندی قەرەگۆل، ناوچەی شاروێران گوندەکانی قوڵەسەن و بەفرەوان، ناوچەی مەحاڵ گوندی سەهۆڵان، عیساکەند، ئەختەتەر و کولیجە.
لە شاری سەقز و گۆڕستانی ئایچی یادی شەهیدان بەرز ڕاگیرا و لە ناوچەی سەرشیوی سەقز لە گوندەکانی گەورە قەڵا، سەرسێف، قشڵاقی پرد، خوردەلوکی، کەچەڵ مەیدان و تاڵەجاڕ، بە بڵاوکردەوەی تراکت و پوستێری تایبەت، ١٠ی خاکەلێوەیان بەرز ڕاگرت و لەسەر دەرێژەدانی ڕێبازی شەهیدان پێداگرییان کردەوە.
هەر بەوە بۆنەوە لە شاری بۆکان و ناوچەکانی دەوروبەری، بە شێوەیەکی بەربڵاو و بەرین ڕۆژی شەهیدان بەرز ڕاگیرا. ئەندامانی حیزب وێڕای خەڵکی کوردپەروەری بۆکان بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکرات و سەردانکردنی گڵکۆی شەهیدان، یادی ١٠ی خاکەلێوەیان بەرز ڕاگرت و لەسەر درێژەدانی ڕێبازی نەمرانی مێژوو پێداگرییان کردەوە.
ئەو شوێنانەی کە لە بۆکان چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ناوشاری بۆکان، ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان ئاوایی گوێکتەپە، ئاوایی ئاڵیکەند، ناوچەی فەرهاد تاش، ئاواییەکانی ئاڵبلاغ، یاسینکەند، جادەی بۆکان- سایین قەڵا، باخچە و چەندین گوند و شوێنی دیکە.
لە شاری شنۆ و دەوروبەری، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بە شێوازی جۆراجۆر چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لەسەر درێژەدانی ڕێبازی شەهیدان پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.
ئەو شوێنانەی کە لە شنۆ چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: ناوشار، سینگان، حەسەننووران، پرداوێ، گوندەوێڵە، سەوجە.
هەر بەو بۆنەوە تیکۆشەرانی دێموکرات لە نەغەدە لە گوندی شاوەلە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و جامانە لەسەر گڵکۆی شەهیدان، یادی ١٠ی خاکەلێوەیان بەرز ڕاگرت.
ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ئارمی حیزبی دێموکراتیان هەڵ کرد و لەگەڵ ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان پەیمانیان نوێ کردەوە.
هەروەها لە مەریوان لە شارەدەێی ''نێ" و لە گوندی شێخەکوێرە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ڕۆژی شەهیدانیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.
لە پیرانشار بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لەلایەن ئەویندارانی ڕێگای سەربەستی، سەردانی چەند بنەماڵەی شەهیدی سوورخەڵاتی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاریی کوردستان کرا و بە بەخشینی چەپکەگوڵ و جامانە و وێنەگرتن لەگەڵ دایکی شەهیدان، یاد و ناوی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ئامانجی شەهیدان نوێ کردەوە.
هەروەها لە گوندی ''زووران'' لە ناوچەی سەردەشت و لە ئاوایی ''شوێ'' سەر بە بانە، تێکۆشەرانی دێموکرات بە سەردانکردنی گڵکۆی شەهیدان ١٠ی خاکەلێوەیان پیرۆز نرخاند.
هەر بەو بۆنەوە تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری دیواندەرە و گوندەکانی ئەو شارە بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدان تراکتی تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە و بە داگیرکەرانیان سەلماندەوە کە ڕێبازی شەهیدان تا سەر درێژەی هەیە.