کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی دوای ٤٤ ساڵ دەسەڵاتداری

20:51 - 11 خاکەلێوه 2723

شەهرام سوبحانی

ڕێژیمی خومەینی لە سەرەتای گەیشتن بە دەسەڵات لە ساڵی ٥٧ و پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، سێبەری نەهامەتیی بەسەر خاک و ئاوی ئەم وڵاتەدا کێشا کە دوای ڕووخانی ئەم ڕێژیمەش بە دەیان ساڵ پێویستە تاکوو دووبارە ڕووناکی لەم خاکە دەرکەوێ، ئاخوندەکانی ڕێژیم ئەوکات بە فریودانی خەڵک توانییان دەسەڵاتی ئێران بەدەستەوە بگرن و زیاتر لە ٤ دەیەیە بە خوێنمژی و زوڵم و زۆر و چەوسانەوەی خەڵک، پەرەدانی هەژاری و بێکاری و کوشتن و ئێعدام و دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە توانیویانە لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.

ڕێژیمێک کە بۆ مانەوەی خۆی و دامودەزگاکانی و مانەوەی ئەم سیستەم و نیزامە بێ‌پرەنسیپە لە هەموو شتێک کەڵک وەردەگرێ، ڕێژیمێک کە بە دروشمی جۆراوجۆر و بەڵێنی پڕ و پووچ هەوڵی دا تا خۆی بگەیێنێتە لووتکەی دەسەڵات، دوای گەیشتن بە دەسەڵاتیش بە دەسبەسەرداگرتنی هەموو ئۆرگانەکان و بە لەبەرگرتنی سیاسەتی کۆنتڕۆڵی خەڵک لەژێر چەتری ڕەشی خۆیدا خەڵکی لە هەژاری و بێکاری و نەهامەتییەکانی ژیاندا هێشتەوە تا خەڵک لە ڕووی ناچارییەوە دان بە بوونی ئەم سیستەمەدا بنێنن و مەشروعییەتێک بەم نیزامە بدا؛ خەڵک گەر هەژار بێ کاتی نامێنێ بۆ بیرکردنەوە و سەرکەوتن، دەوڵەتی فاسد زامنی مانەوەی لە هەژارکردنی خەڵکدا دەبینێ ئەم سیاسەتەیان پەرە پێ دا تا باشتر بتوانن بەسەر خەڵکدا حوکم بکەن و بەم شێوەیە توانییان خەڵک لەژێر چەتری سیاسیی خۆیاندا بهێڵنەوە، کاتێک زانییان کە خەڵکی ئێران بریتییە لە چەن میللەتی جۆراوجۆر، هەوڵیان دا پەراوێزیان بخەن و دوژمنایەتی لە نێوان گەلانی ئێراندا درووس بکەن تا خۆیان بە باشی بتوانن سامانی ئەم خاکە بەتاڵان بەرن، ئەم ڕێژیمە بە فریودانی خەڵک بۆ مانەوەی خۆیان هەزاران کەسیان لە ڕیزەکانی شەڕدا کرد بە قوربانی تا سیستەمی ڕەش و کۆنەپەرەستی ئاخوندەکان ڕیشە بکوتێ، خەڵک ئەو نیزامە بە هی خۆیان بزانن و بەم شێوەیە تەمەنیان زیاتر بێ.

وڵاتی ئێران کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە لە ڕووی نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییەکانەوە یەک لەسەدی دانیشتووانی دنیا پێکدێنێ و ٩ لەسەدی سامانی دنیا لەم خاکەدایە؛ بەپێی ئەم ڕێژەیە خەڵکی ئێران دەبوو لە باشترین و خۆشترین ژیاندا بژین و لە ڕیزێ خۆشبژیوترین وڵاتانی دنیا هاتبانە ئەژمار، بەڵام بە پێچەوانەوە خەڵک ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیش دابین بکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ سفرەی خەڵک کەمڕەنگ و کەمڕەنگتر ئەبێ و خەڵک توانایی کڕینیان نییە و پیاوان شەرمەزاری ماڵ و منداڵیان بوونە. نەهامەتییەکانی ئەم سیستەمە هێندە زۆرە کە هەرکامیان دەبێ بە دەیان لاپەڕەی بۆ بنووسی بێکاری، هەژاری، کوشتن، ئێعدام، ئەشکەنجە، پەرەسەندنی ڕێژەی ماددە هۆشبەرەکان، گرانی، کۆڵبەری، ئاوارەبوونی خەڵک لە وڵاتانی دنیا وەکوو پەنابەر، نەبوونی مافی ژنان، حیجابی زۆرەملێ، دەرکردنی هەزاران فتوای بێ‌بنەما، خووگری بە ماددە هۆشبەرەکان، تەڵاق، خۆکوژی، پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی ئێران و هەناردەکردنی تێرۆریزم بۆ دنیا و پشتگیری لە مێلیشیا تێرۆریستەکانی خۆی.

ڕێژیمی خۆمەینی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و خوێنمژە کە هیچ قازانجێکی بۆ خەڵک نییە و لە سامانی ئەم خاکە کەڵک وەردەگرن بۆ کردەوە قیزەونەکانی خۆیان، جێگای خۆشحاڵییە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆ خەڵک باشتر دەردەکەوێ کە ئەم ڕێژیمە سامانی خەڵکی ئێران تەرخانی وڵاتانی ناوچەکە (لوبنان، سووریە، فەلەستین وعێراق) دەکا، بەڵام ئەوەی لێرە جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە کە ئەم نیزامە هیچ مەشروعییەتێکی سیاسیی لەنێو خەڵکدا نەماوە. بۆ زانیاریی زیاتر دەتوانین چاو لە ڕێژەی دەنگدانەکانی چەن ساڵی ڕابردوو بکەین کە خەڵک بە بەشدارینەکردنیان نایەکی توندیان بە دەسەڵاتدارانی تاران وت کە چیتر کاتی مانەوەتان بەسەر چووە، ئەگەر دەوڵەتێک مەشروعییەتی سیاسیی خۆی لەدەست بدا ئەوە ڕووخانی حەتمییە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک دژ بەم سیستەمە خۆپیشاندان دەکەن و دروشمی جۆراوجۆر بەکار دێنن، ئەم کارە واتای ئەوەیە کە خەڵک لە ماهییەتی ئەم ڕێژیمە ئاگادارە و ئەم ڕێژیمەش کەم کەم وەکوو هەموو ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی مێژوو دەبێ سێبەری ڕەشی خۆی لەم خاکە هەڵگرێ.

بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی دەبێ خەڵکی ئێران بە هەموو چین و توێژەکانەوە یەکگرتوو بن و پشت بە یەکتری ببەستن تا سێبەری شوومی ئەم ئاخوندانە لەم خاکە تەفروتوونا بێت، هیچ میللەتێک لە دنیادا بە ئازادی ناگات کە یەکگرتوو نەبێ، ئەمە بە واتای ئەوەیە کە یەکگرتووبوون ڕەمزی سەرکەوتنی خەڵکی ئێرانە.

ڕێکخستن و هاواهەنگیی نێوان حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسە لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا گرینگترین هەنگاوە تا ببین بە ئاڵتێرناتیڤ و هەموویان پێکەوە بەرەو ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک هەنگاو بنێین. سازکردنەوەی ئێران و بەرەوپێشبردنی ئەم وڵاتە بەتەنیا زەحمەتە کە تەنیا بە هاوکاری و هاواهەنگیی نێوان ئەم حیزبانە ئەم ئامانجە دەستەبەر دەکرێ.