ئومید محەممەدپووری
بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوخۆی ئێران و ناسەقامگیریی ئابووری، ئەمنی و ئاسایشی و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی نێوخۆ، ئێران پێویستی بە کەمێک کات کڕینەوە و وەبەرنانەوەی هەناسەیەکی نوێیە تا بەسەر ئەم دۆخەدا تێپەر بێت.
زیاتر لە شەش مانگە خەڵکی ناڕازی لە ئێران بەوپەڕی جدییەت و پێداگرییەوە سوورن لەسەر خواستەکانیان، ئەوان باوەڕیان وایە کە دەسەڵاتی حاکم بەسەر ئێران چیدیکە جێگای متمانە نەماوە و نابێت پشتی پێ ببەستی و دەبێ سیستم و نیزامێکی نوێ جێگیر بێت، هەتا بتوانێت ویست و داخوازەکانی خەڵک بەجێ بێنێت.
بۆیە هەر جارەو لە شوێنێک یان ناوچەیەک لە نێوخۆی ئێران دەنگی ناڕەزایەتییەکان بەرز دەکرێنەوە و خەڵک دەڕژێنە سەر شەقامەکان.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تا ئێستا و بەوپەڕی هەوڵ و تەقەلای خۆیەوە، نەیتوانیوە کۆتایی بەم ناڕەزایەتییانە لە دژی دەسەڵاتەکەی بێنێت.
دەتوانین بڵێین تا ئێستا بە هۆی ئەو دەرفەتە، ئاڵترناتیڤێک کە دەبا هاتبایەتە ئاراوە پێک نەهاتووە، ئەم هەوڵانەی خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکان نەیتوانیوە بە ویست و داخوازەکانی خۆی بگات. بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە خەڵکی ناڕازی لە ئێران چیدیکە متمانەیان بە بەرپرسانی ڕێژیم و بە ڕێکارەکانی کە لەلایەن کاربەدەستانەوە دەگیردرێنە بەر نەماوە و تین و گوڕی ناڕەزایەتییەکان ناخەوێتەوە. بۆیە ڕێژیم بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کە خەریکە بەرەو نەمان و داڕمانێکی یەکجاریی دەبات دەبێ دەست بۆ بژاردەی تر بەرێت، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێگەی لە ناوچە چەندە دادەبەزێت و دەبێ سنوور بۆ دەسەڵاتەکەی خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی ئێران دیاری بکات.
بە وەبیرخستنەوەی گرێبەستی ٥٩٨ لە شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق دەتوانین بڵێین کە ئەم بابەتەش مێژوویەکی هاوبەش و هاوچەرخی هەیە لەگەڵ پیاڵە ژەحرەکەی خۆمەینی کە ئەوکات دانی پێدا نا بە بەستنی ئەو گرێبەستە خواردوویەتیەوە .
بۆیە ئەمجارەیان پەنا دەبات بۆ دانوستان و وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و لە سەرەوەی هەمووان عەرەبستانی سعوودی کە دوای حەوت ساڵ گرژی و توندوتیژی لە نێوانیان دیسان گەڕانەوە بۆ سەر مێزی وتووێژ .
دەتوانین بڵێین ئەوە تەنیا هەواڵێک بوو کە لەو دۆخە ناسەقامگیرەی ناوچە لە ئێستادا کەس چاوەڕوانی نەدەکرد بۆیە بۆتە جێگای سەرسوڕمانی هەموو لایەک.
بە ئاوڕدانەوەیەک لە هۆکاری دروستبوونی گرژی لە نێوان ئێران و سعوودییە و پچڕانی پێوەندییە دیپلۆماسییەکان و داخستنی سەفارەتخانەکانی هەر دوو لا کەمێک وردتر دەبینەوە سەر بابەتەکە.
ململانێی نێوان سعوودییە و ئێران لەم ساڵانەی دواییدا گەیشتە لووتکە، هەر دوو وڵات لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە هەموو شێوازێکی بەردەستییان دژایەتیی یەکتریان دەکرد، زیاتر لەوەش لە سووریە، یەمەن و تەنانەت عێراق و لوبنانیش بە نوێنەرایەتیی یەکتر شەڕیان دەکرد.
بە چاوخشاندنێکی خێرا بۆمان دەردەکەوێت کە لە سەرجەم ئەم مەیدانە شەڕە بەرفراوانەدا سعوودییە لە شکست و ئێرانیش لە هەڵکشانی زیاتردا بوو، تا گەیشتە شۆڕشی ژینا کە هەموو هاوکێشەکان بەنیسبەت پێگە و خاوەندارەتیی ئێران لە ناوچەکە گۆڕی و ئەمجارە شەڕ و ئاژاوەکە کەوتە نێوخۆی ئێرانەوە.
لە هەموو ئەم هەلومەرجە ئاڵۆز و پەشۆکاو و پڕ لە گیروگرفتەدا، دەسەڵاتدارە سعوودییەکان بەردەوام پیلانی ڕاکێشانی گرووپە شیعە ناڕازییەکانی عێڕاقیان دەدا، بەتایبەتی ئەوانەی لە هێژموونیی ئێران لە ناوچەکەدا نیگەرانن وەکوو ڕەوتی سەدر .
ئەمە یەکەمجار نەبووە کە گرژی لە نێوان ڕیاز و تاران سەر هەڵبدات بەڵکوو لە هێرشی خۆپیشاندەران بۆ سەر سەفارەتی عەرەبستان کە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥ ساڵ پێش ئێستا و گیانلەدەستدانی دیپلۆماتکارێکی عەرەبی، کێشەکان هەر بوونی هەبووە .
بەشی پتری کێشەکان لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەتوانین بڵێین جیاوازی و ئێختلافاتی مەزهەبی بووە.
ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە عەرەبستان پاڵپشتی مەزهەبی سوننە و ئێران پاڵپشتی شیعەگەری بووە لە ناوچەکە بەڵام کۆتا هۆکار کە پەرەی بە گرژیی نێوان ڕیاز و تاران دا، ئێعدامی شێخ نمر ڕووحانیی ناسراوی شیعەی عەرەبی لەلایەن وڵاتی عەرەبستانەوە بوو کە کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران چەندین جار هۆشدارییان بە ڕیاز دا کە نابێت ئێعدام بکرێت، بەڵام ئەم داوایە لەلایەن ڕیازەوە پشتگوێ خرا .
لە دوای ئێعدامی شێخ نمر سەفارەتی عەرەبستان لە تاران پاش ٢٥ ساڵ بۆ جارێکی تر لەلایەن خۆپیشاندەرانی ناڕازییەوە هێرشی کرایە سەر و ئاگرییان تێبەردا.
دوای ئاگردانی سەفارەتخانە، عەرەبستان ڕایگەیاند کە پێوەندیی سیاسی نێوان خۆی و ئێران ڕادەگرێ و هۆشداری بە دیپلۆماتەکانی ئێران دا کە ٤٨ کاتژمێریان لەبەردەستە هەتا ڕیاز بەجێ بهێڵن .
سەبارەت بە وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو، دەکرێ بگۆترێت کە ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە ئێران هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەروەریی وڵاتیان، هەر لە بەر ئەمەش گەورە بەرپرسانی عەرەب لە کەنداو چەندین جار گوتوویانە هەڕەشەی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی گەورەتر و مەترسیدارترە لە هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ سەر عەرەب .ئەم ترسە لەخۆڕا و بێهۆ نەبوو، زۆرجار بەرپرسە باڵاکانی ئێران هەڕەشەی توندیان لەدژی وڵاتانی کەنداو بەتایبەت سعوودییە و ئیمارات کردووە، تەنانەت هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیش.
هەر بۆ نموونە پاسدار فیرووزئابادی ڕاوێژکاری سەربازی تایبەت دەڵێت: ئەگەر بێتوو ئارام و سەبری ئێمە تەواو بێت، ئەوە وڵاتی سعوودییە لە سەر نەخشە دەسڕینەوە .
جگە لە وڵاتانی سعوودییە و کەنداو، ئێران مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر ئێسرائیل کە ئەویش دەبێ لەو نێوەدا لە لێڵیی پێوەندیی نێوان ئێران و سعوودییە کەڵک وەربگرێت و یارییەکە لە ناوچەدا بە قازانجی خۆی بگۆڕێت .
نێتانیاهۆ لە کۆنفرانسێکدا لەگەڵ ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨ دەڵێت: ئێمە دەبێ ئێران بوەستێنین، ئێستا خەریکە تاریکیی ئێران باڵ بەسەر تەواوی ناوچەکەماندا دەکێشێت، ئێران خەریکی بونیاتنانی ئێمپراتۆرییەکی بەرفراوانی توندوتیژییە کە جگە لە ناوچەکانی خۆی وڵاتانی عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن و غەزەش دەگرێتەوە و تەنانەت چەند ساڵێکە بە بیانووی پاراستنی سەروەریی وڵاتی سووریە خەریکی بونیاتنانی بنکە و پێگە مووشەکییەکانی خۆیەتی لەم وڵاتەدا، بۆ ئەوەی بە ئاسانترین شێوە دەستی بە ئیسرائیل بگات و لەئەنجامدا لەنێوی بەرێت.
لەلایەکی ترەوە، هەڵوێستی وڵاتانی ئیسرائیل و سعوودییە بە شێوەیەکی بەرفراوان دژی فراوانخوازیی ئەو وڵاتە و سەپاندنی هەیمەنەی شیعە نێگەتیڤ بوو. لە کۆنفرانسی ئاسایشی مونیخ لە ٢٠١٧دا ئەمە بە ڕوونی ڕەنگی دایەوە.
ئەڤیگدۆر لیبرمان، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەو کۆبوونەوەیەدا وتی کە ئامانجی سەرەکیی ئێران، لاوازکردنی سعوودییە لە خۆرهەڵاتی ناڤینە و هەر بۆیەش ئیسرائیل داوای وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توخمەکانی توندوتیژی لەو ناوچەیە دەکات و هەروەها دەڵێت ئامانجی سەرەکیی ئێران لاوازکردنی سەقامگیری لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناڤین و لەئەنجامدا لاوازکردنی سعوودییەیە.
عادڵ ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودییەش لەو دانیشتنەدا ئێرانی وەکوو سەرەکیترین وڵاتی پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساند و گوتی : ئێمە ناتوانین کردەوەکانی ئێران لەم ناوچە ئاڵۆزەدا لەبەرچاو نەگرین، هەر وەک پێشتریش وتوومانە، ئەوان بە دوای هەناردەکردنی شۆڕشەکەیانەوەن. ئێمە چۆن دەتوانین لەگەڵ نەتەوەیەک کە ئامانجەکەی لەنێوبردنی ئێمە بێت، پێوەندیمان هەبێت، تا کاتێک کە ئێران لە کردەوەکانی خۆی و لەو ڕێسایانە کە لە سەر ئەو وڵاتە زاڵە گۆڕانکاری پێک نەهێنێت زۆر ئەستەمە کە بکرێ پێوەندیی لەگەڵدا ساز بکرێت. تا ئێستاشی لەگەڵ بێ ئێران هەمان ئێرانە و سیاستەکانیشی هەمان سیاسەتن، تەنیا ئاڵۆزیی نێوخۆی ئێران بۆتە هۆکار بۆ ملکەچبوون بەم دانوستانە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو پێوەندییانەی لە نێوان سعوودییە و وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل هەیە، هەموویان لەسەر یەک خاڵ، کە ئێران هەڕەشەیە بۆسەر هەموو لایەک کۆکن و بۆمان دەرکەوت کە بابەتەکە زۆر ئاڵۆزتر و پڕپێچ و پەناتر لەوەیە کە بە چەند ڕستەیەک بتوانین شرۆڤەی بۆ بکەین.
لە حاڵی ئێستادا کە تاران و ڕیاز پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانیان لەسەر گرتۆتەوە و خەریکن دەرگای دانوستانەکان بە ڕووی یەک دەکەنەوە، دیسان مەترسییەکی گەورەی ئاسایشی و ئەمنی بۆسەر وڵاتی ئیسرائیل ساز دەبێت کە هەر لە دانیشتنە ڕۆژنامەوانییەکانیش لەلایەن نێتانیاهۆ و سەرانی ئیسرائیلەوە بە ئاشکرا بەدی دەکرێت، بۆیە لەهەمبەر پێوەندی و دۆستایەتیی سعوودییە و ئیسرائیل ئاڵترناتیڤێک بەنێوی ئێران سەری هەڵداوەتەوە کە جێگرەوەی ئامریکا و ئیسرائیلە و دەتوانێت مەترسیەکی جیددی و کاریگەر بێت بۆسەر خاکی ئیسرائیل و پشکی ئامریکا لە ناوچەکەدا.
جگە لەمانەش ئەگەر چاو لێ بکەین ئەو دانوستانانە بە نێوبژیوانیی چین کراوە کە ڕەکابەرێکی سەرەکییە بۆ ئامریکا لەباری ئابووری و ئەویش بە بەشی خۆی خەریکە هەژموونیی خۆی لە ناوچەکەدا دەسەپێنێت و جێگە و پێگەی ئامریکا لاواز دەکات، بۆیە ئەمەش لە خۆیەوە دیسان وەزعەکە ئەوەندەی تر ئاڵۆز و ناڕوون دەکات.
مانەوەی ئێران بەستراوەتەوە بەوە کە ئەم دوو وڵاتە یانی ئامریکا و ئیسرائیل کە تا ئێستا تێچوویەکی زۆری مادی و مەعنەویان داوە تا چ ڕێژەیەک دەتوانن بەنیسبەت مەوازع و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەدا پاشەکشە بکەن و هەڵگری چ ڕێژەیەک لە خەسار بن کە بە بڕوای ئێمە ئەمە خۆی پرۆسەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پێش دەخات و دەبێتە خاڵێکی بەهێز کە وڵاتانی دراوسێ و زلهێزکان بەر خویان بێنەوە. مەبەستی ئێران تەنیا کات کڕینەوەیە بۆ وەدواخستنی پرۆسەی نەمانی و ئەم لایەنانەش دەبێ بە بەرچاوڕوونییەکی زیاترەوە بەرەوپیری سیاسەتە درۆیانەکەی ئێران ببنەوە، چون مێژووی کاربەدەستانی ئێران دەریخستووە لەسەر هیچکام لە پەیمان و بەڵێنەکانی خۆیان ڕاوەستەیان نەکردووە .