کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: ژەهراویکردنی کچانی قوتابی درێژەی سەرکوتی ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێرانە

10:14 - 13 رەشەمه 2722

پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەککیی زاهیدان وتی: ژەهراویکردنی کچانی قوتابی لە شارەکانی ئێران، درێژەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکانە لە ئێران.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی هەینیی زاهیدان، ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات، وتی: ژەهراویکردنی کچانی قوتابی لە ئێران، بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی گشتیی خەڵک و هێندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم دەستیان لەو کارەدا هەیە.

ناوبراو هەروەها وتیشی، هیچ کەسێک باوەڕ ناکات کە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران بکەرانی ژەهراویکردنی کچانی قوتابی نەناسن و نەزانن چ گرووپ و تاقمێک دەستی لەو کارە قێزەونەدا هەیە.

سەرەڕای تێپەڕینی سێ مانگ لە دەسپێکردنی ژەهراویکردنی کچانی قوتابی لە قوتابخانەکانی ئێران و هەروەها بەردەوامیی ژەهراویکردنی کچان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمبارەوە بەردەوام خەریکی چەواشەکارین.