کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای یاسای بنەڕەتیی بێلژیک گۆڕینەوەی "ئەسەدوڵڵا ئەسەدیـ"ـی هەڵوەشاندەوە

10:37 - 13 رەشەمه 2722

سەرەڕای ڕێککەوتنی ئێران و بێلژیک بۆ گۆڕینەوەی بەندکراوانی وڵاتەکانیان، دادگای یاسای بنەڕەتیی بێلژیک گۆڕینەوەی دیپلۆمات- تێرۆریست، "ئەسەدوڵڵا ئەسەدیـ"ـی هەڵوەشاندەوە.

سەرەڕای ڕێککەوتنی نێوان بێلژێک لەگەڵ ئێران سەبارەت بە گۆڕینەوەی بەندکراوان لەنێوان ئەو دوو وڵاتە کە بڕیار بوو هاووڵاتییەکی بێلژیکی بە ناوی "ئۆلیویە واندکاستێل" کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لە ئێران دەسبەسەر کرابوو، لەگەڵ دیپلۆمات- تێرۆریست، "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" بگۆڕدرێنەوە، ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، دادگای یاسای بنەڕەتیی وڵاتی بێلژیک یاسای نێوان ئەو دوو وڵاتەی بە مەبەستی گۆڕینەوەی ئەسەدی، هەڵوەشاندەوە.

ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات- تێرۆریستی ئێرانی کە بە دانانەوەی بۆمب و کردەوەی تێرۆریستی لە خاکی ئورووپا تاوانبارە و ئێستا لە بەندیخانە بەند کراوە، بەپێی یاسای دادگای یاسای بنەڕەتیی وڵاتی بێلژیک ئازاد ناکرێت و گۆڕینەوەی پێ ناکرێت.

دادگای یاسای بنەڕەتیی بێلژیک ڕایگەیاندووە کە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێران بۆ گۆڕینەوەی بەندکراوان لە جێگەی خۆیەتی و تەنیا ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، ئاڵوگۆڕی پێ ناکرێت.

پێشتر بەهۆی ناڕەزایەتیی بەربڵاوی دانیشتووانی وڵاتی ئێران لە دەرەوەی وڵات، دادگای باڵای بێلژیک ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئێران هەڵپەساردبوو تا لە دادگای یاسای بنەڕەتیی بێلژیک بتوانێت لەسەر جێبەجێکردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە بڕیار بدات.