کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی بەرنامەی ناوکیی تاران

11:12 - 13 رەشەمه 2722

بەرپرسی ناوەندی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا، لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی سەربازیی ئیسرائیل، لەبارەی هەڕەشە و پێشگرتن بە چەکی ناوکیی تاران وتووێژیان کرد.

ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، مارک مێیلی، بەرپرسی ناوەندی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا لە سەفەرەکەی بۆ ئیسرائیل لەگەڵ یۆلاف گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکەی سەربازیی ئەو وڵاتە کۆ بوونەوە و وتی: لەبارەی هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ناوچەکە و جیهان وتووێژمان کرد و گرینگیمان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی دا بۆ ئەوەی پێش بە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی بگرین و سوورین لەسەر ئەوەیکە نابێ تاران دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

مارک مێیلی، پێش ئەوەی بگاتە نێو ئیسرائیل لە پایەگایەکی سەربازی لە تێل‌ئاڤیڤ، لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی خۆی و بەرپرسانی دیکەی پلەبەرزی سەربازیی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە و باسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کرد.

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لەو چاوپێکەوتنەدا دەرفەتەکانی بەرەوپێشەوەچوونیان لە ناوچەکەدا تاوتوێ کرد و کاکڵەی وتووێژەکانیان ئەوە بوو کە نابێ بە هێچ شێوەیەک ڕێگە بدەن کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.