کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لیتوانی: ڕێککەوتنی ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا لەبارەی بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران، پەرەی سەندووە

11:14 - 13 رەشەمه 2722

وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی لیتوانی، لەبارەی بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران وتی: ڕێککەوتنی ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران، پەرەی سەندووە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ هەوڵە جیهانییەکان بۆ بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران، گابریلیۆس لێندزبێرگیس، وەزیری دەرەوەی لیتوانی، وتی: کۆدەنگیی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا لەبارەی بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، بەهۆی پشتیوانیی سەربازیی ئەو وڵاتە لە ڕووسیە، پەرەی سەندووە و زۆربەی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لەسەر ئەوە کۆکن کە دەبێ سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسرێت.

ناوبراو لە درێژەدا وتیشی: لە یەکیەتیی ئورووپا باس و بابەتگەلی زۆر جیددی لەبارەی بە تێرۆریست‌ناساندنی سپای پاسداران لە ئارادایە و دەبێ کۆمەڵێک بابەتی زانستی و یاسایی یەکلایی بکرێتەوە. بەڵام پێم وایە لە کۆتاییدا بە ئاکام دەگەین کە سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسرێت. یەکیەتیی ئورووپا چاوەڕوانیی ئەوەی نەدەکرد کە هەڕەشەکانی تاران لەبەر دەرگای خۆی ببینێت، بەڵام هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی خەریکە بەتەواوی نزیکی ئێمەش دەبێتەوە و دەبێ بە جیددییەتەوە لێی بڕوانین.