کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتیی ڕۆژانی هەینیی بەلووچستان و هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵک

11:55 - 13 رەشەمه 2722

خۆپیشاندەرانی بەلووچ لە زاهیدان، دوای نوێژی هەینی، جارێکی دیکە ڕژانەوە سەر شەقامەکان و بە دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش هێرشیان کردە سەر مزگەوتی مەککیی زاهیدان.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "حال وەشـ"ـی بەلووچستان، ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپیشاندەران و خەڵکی وەزاڵەهاتووی بەلووچستان، دوای نوێژی هەینی بە دروشمەکانی "بەسیجی و سپایی، داعشی ئێمە ئێوەن" و "مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر"، شەقامەکانی زاهیدانیان داخست.

هەروەها لە ئاکامی پەلامارەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر مزگەوتی مەککی و خەڵکی ئەو شارە، ژمارەیەک هاووڵاتیی بەلووچ دەسبەسەر کران.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دەیان خۆپیشاندەر لەنێو مزگەوتی مەککی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە گەمارۆ درابوون و هێزەکانی ڕێژیم لە گازی فرمێسکڕێژ کەڵکیان وەرگرت و بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لە خەڵک کرد.

هاوکات کۆماری ئیسلامی بە تەواوی هێڵی ئینتێرنێتی ئەو شارەی ڕاگرتبوو و بەو هۆیەوە وتاری هەینیی مامۆستایانی ئایینی ئەو شارە نیوەتەواو بڵاو بوونەوە.