ئومید محەممەدپووری
ئەگەر چاوێک بەسەر شێوەی بەڕێوەبەریی وڵاتی ئێران لە زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێت کە تەنیا یەک نەتەوەی زاڵ بە نێوی فارس و بە بیری شۆڤێنیستی و یەک ئایینی چەقبەستوو و ڕادیکاڵ بە نێوی شیعە حوکمداری و دەسەڵاتداریی ئەو چوار دەیە نەنگینە لە ئێران دەکات . هەموو ماف و ئازادییەکان تەنیا لە چوارچێوە و سنووری مەزهەبی شیعەدا بیچم دەگرن و هەموو نەتەوەکانی تری ژێردەست و کەمینە ئایینی و ئێتنیکییەکانی تر لە ژێر ڕکێفی ئەو مەزهەبە زاڵە شیعیەگەرییەدا خۆیان دەبینێتەوە و نەیانتوانیوە سەرهەڵبدەن، بۆیە لە جەریانی ئەم شۆڕشەی کە ئێستا زیاتر لە پێنج مانگە لە شەقامەکانی ئێران بەردەوامە و هەر کەس و لایەنێک بۆ داهاتووی ئێران پێشنیارێکی شێوازی بەڕێوەبەریی پێیە، حیزبی دێموکرات حکوومەتێکی دێموکراتیک، سێکولار و فێدراڵ پێشنیار دەکات.
دیارە ئەم پێشنیارەی حیزبی دێموکرات بۆ داهاتوو، بابەتێکی تازە نییە و زۆت جار لە گوفتمانی حیزبدا ئاماژەی پێ کراوە؛ ڕەنگە زۆر وڵات هەبن کە کەڵیان لەم جۆرە سیستمە وەرگرتبێ و توانیبێتیان وڵاتەکەیان لەم ڕێگەیەوە بە باشترین شێوە ئیدارە بکەن.
سێکولاریزم کاتێک گرینگی پەیدا دەکات کە:
١.دین هەڵهێنجراوی فەلسەفەیێک بێت کە داکۆکی لە خانەدان و ڕەچەڵەکێک، یان ڕەگێکی خوێنی بکات. وەکوو زنجیرەی پێغەمبەرایەتی یان ئیمامییەت.
٢.بە هۆی ئەوەی کە لە دیندا تەک خودایی هەیە، بوار نادا بە ئازادی، فرەیی و بوونی ئەوانی تر یاخود بوونی بەرانبەر لە مڵملانێی هزری سیاسیدا.
لەو سیستمە چەوسێنەرەدا:
١.نەتەوەیەک بە سەر ئەوانی تردا زاڵە
٢. ئایینەکانی دیکە دەبێ ملکەچی دینێکی تایبەت بن
٣.قەداسەت یان بەرتەری تەنیا بۆ تاک، نەتەوە یان ئایینێکە.
٤. شتێک بە ناوی ئەنجومەن، شۆرا و پارلەمان کوێر دەکرێتەوە و شەرع و ڕێوڕەسمە دینییەکان جێگای دەگرێتەوە.
٥. دانانی یاسا کفرە و یاسا داڕشتن لە دەسەڵاتی مرۆڤدا نییە، بەڵکوو لەلایەن خوداوە دڕێژراوە.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە لە دیندا کۆتا پەیامبەر یان نێردراو هەیە و ڕێگا دەبەستێت و ڕێگاش بە نەتەوەیەک کۆیایی پێ دێت کە مەشرووعییەتی مەزهەبیی هەیە . ئەم فەلسەفەیە، چەقبەستوویی و دۆگماتیک زیندوو ڕادەگرێت و پیرۆزی درووست دەکات، هەوڵدان بۆدەستخستنی توانا و بوون بە کاریزما و هاتنەئارای هزری دیکەش دەکوژێت. بیری سێکولاریستی لە سەدەی ١٧ و ١٨ داهێنراوە و دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان کلیسا و دەوڵەت. دوایی ماکیاڤێلی هەستا بە جوداکردنەوەی ئایین لە سیاسەت و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەسەڵاتی سیاسی سەربەخۆییە و لە دەرەوەی بەند و باوی ئایینی و نەریتە ئایینیەکانەوەیە. بە هەمان شێوە لە شۆڕشی فەرانسە لە ١٧٨٩ لەسەر بنەمای بیری سیاسی، سەربەخۆییخوازی، جەماوەر و بێبەریکردنی کەنیسە لە دەوڵەت و سیاسەت هاتە ئاراوە، ئەم شێوەیە لەلایەن ناپلیۆن پەردەی لەسەر لادرا کە نەیهێشت پاپ تاجی پاشایەتی لەسەر بنێت و خۆی تاجی نایە سەر خۆی. بۆیە باسمان لەو بەڵگە مێژوویانە کرد کە بزانین و بۆمان ڕوون بێتەوە کە بابەتی سێکۆلاریزم بابەتێکی نامۆ و نوێ نییە، زۆر لەمێژە کاری پێ دەکرێت. سەرتۆپی هەموو وڵاتە سێکولارەکان دەتوانین بڵێین ئامریکایە کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو نەتەوە، ئایین و ئایینزایە توانیویەتی ئەو گەڵالە و شێوەی بەڕێوەبەرییە بە جوانی پیادە بکات. سێکۆلاریزم بەو واتایە دێت کە وابەستە بوونێک بە ئایین و سەر و سرووشت نییە، ئایین هەیە بەڵام شوێنەکەی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا جیاوازە و وابەستە بە هەست و نیست و بواری تایبەتی کەسێتی نییە. دەتوانین ببینە سیاسی و بچینە ناو دونیای سیاسەت بی ئەوەی کە دەستێوەردانی ئایین بکەین و باوەڕمان وا بێت یاساکان دەتوانن لەلایەن خودا دابڕێژرێن. بابەتی سێکولاریزم نە تەنیا ڕێگری ناکات لە دین، بەڵکوو دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری دینیشدا مەنع دەکات. لە سێکولاریزمدا هەمو هاووڵاتییان لە یاسادا یەکسانن و هیچ جیاوازییەکی ئایینی و بیر و باوەری جیاواز یان نەبوونی ئایین لە ڕوانگەی یاساوە ڕۆلیان نابێت. کۆمەڵەی سێکۆلار لەسەر بنەمای توانایی و داهێنان و هەوڵی هاو وڵاتیان بونیاد دەنرێت. بە نیسبەت ئەو تاقم گرووپانەش کە پڕووپاگەندەی ئەوە دەکەن کە بیری سێکۆلاری سەر بە شوێن و جوگرافیایەکی تایبەتە پێویستە بوتریت: سێکۆلاریسم پێویستی بە گرووپ، نەتەوە و وڵاتێکی تایبەت نییە بەڵکوو هەڵهێنجراوی بزووتنەوی کۆمەڵایەتییە، کە تایبەتمەندیەکانی پێناسەی سێکۆلاریزم لە خۆیدا بەرجەستە دەکات.
سێکۆلاریزم پێکهێنانی ژینگەیەکی ئازادە بۆ کۆمەڵە مرۆڤێک کە بیرکردنەوەیان سەردەمیانە بێت و لەو قۆناغەدا بتوانن زانست لە خزمەتی ئاسوودەیی مرۆڤدا و لەپێناو بنەما مرۆڤانەکاندا بەکار بهێنن.
دەبێ ئاوا بڕوانینە سێکۆلاریزم کە نابێ حکوومەت خۆ بگلێنێتە بابەتە دینییەکان. نابێ ڕێبازی دینی ڕۆڵێک لە پێکهێنانی سیاسەتی گشتیدا یان لە گوتار لەبارەی سیاسەتی گشتی بگێڕێت و نابێ باوڕ و دامەزراوە دینییەکان پێگە و ئیمتیازی تایبەتیان لەنێو کۆمەڵگادا هەبێت. ئەم هەڵوێستە ڕۆڵی دین لە ژیانی گشتیدا و ڕۆڵی ئایین بەتایبەت و دامەزراوە دینییەکان لە کاروباری گشتیدا سنووردار دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە کۆکە لەگەڵ ڕێزگرتن لە ئازادیی ویژدان و مافی ڕەهای تاکەکەسی بۆ ئەنجامگیری لەبارەی پرسە دینییەکان؛ ئەم بۆچوونە لەسەر هەموو هاووڵاتییان، چ ئایینی و چ غەیرە ئایینی پێویست دەکات کە ڕێز لەوانی تر بگرن لە ڕێگەی نەسەپاندنی تێڕوانینی داتاشراو لە دوگماتیک بوون یان دین. سەرباری ئەوەش کە لە کۆمەڵگەیەکی فرە دینییدا سکۆلاریزم تاکە ئامرازی جێی متمانەیە بۆ هەمووان و باشترین ئاڵترناتیڤ بۆ کۆمەڵگایەکی فرەدینی سێکۆلاریزمە. لە جەریانی بابەتی سێکۆلاربوون بۆ بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا ئەو پرسیارە دێتە پێش، باشە ئەگەر ئایین لە سەرەوەی یاسا بێت و شێوەی حوکمداری ئایینی بێت، باشە کام ئایین پێویستە جڵەوی ئەو بەڕێوەبەرییە وە ئەستۆ بگرێت؟
لێرەدا باشترین بیرۆکە ئەوەیە کە ئەخلاق لە مرۆڤدا سەروەر بێت بۆ یاساوڕێسا. چ بە کۆمەڵگای دینی و چ لە کۆمەڵگای غەیری دینی بابەتێک هەیە کە لەسەری کۆکین و مرۆڤەکانی بە ئاشتی و ئازادی لە دەوری یەک کۆ کردۆتەوە، ئەویش ئەخلاقە. هەموو کۆمەڵە مرۆڤییەکان ڕێساگەلێکیان هەبووە لە دژی درۆ کردن، دزین و کوشتن. چونکە ئەگەر ئەو بنەما ئەخلاقییانە ڕەچاو نەکرابان نەماندەتوانی لە دەوری یەک بژین. ئەو بناغە بابەتیانەی ئەخلاق لە بارودۆخی بنچینەکانی هەلومەرجی مرۆڤدا دەدۆزرێنەوە. سێکولاریزم و ئەخلاقێکی هاوبەشی سێکولار، تاکە بنەمای عەقلانیی بەرجەستەیە کە سیاسەتی گشتی دابین دەکات. لێرەدا دەسەڵاتی سێکۆلاری دێموکراتیک مانای دەوڵەتێک دەگەیێنێت کە تێیدا یاساکان لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیا یان جیهانبینێکی سێکۆلاریست بۆنیاد دەنرێت و دەبێ سێکولاریستەکان مشتومڕ و مونافیسە بۆ دەوڵەتێک بکەن کە تێیدا ڕوانگەکان لەسەر پرسە ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە گرینگەکان لە یاسادا بونیاد دەنرێت. لە دەوڵەتێکی سێکولاردا هێندێک ئەرک بۆ دەوڵەت دەتاشرێت:
پارلەمان نابێ هیچ یاسایەک دەر بکات کە ئازادیی ئایینی پێشێل بکات و هیچ ئایینێکیش نابێ لەنێو ئایینەکانی تر بسەپێت، ئەوە مەرجێکی سێکولاریزمە کە سنوور دادەنێت بۆ دەستێوەردانی دەوڵەت لە ئازادییە ئایینیەکان و دەبێتە هۆی دڵنەوایی بۆ بواری پراکتیک و باوەڕدارانی ئایینی. چەمکی سێکولاریزم دەبێ بریتی بێت لە قەدەغەی دەستێوەردانی دەوڵەت لە هەر دوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنیەوە لە هەر پرس و بابەتێکی ئاییندا و هیچکات نابێ ببێتە لەمپەر لە بەردەم پراکتیک و ئازادی ئایینیدا.
لە دەوڵەتێکی سێکولاردا دەبێ ئەم دوو پێوەرە کارییە بۆ جودابوونەوەی ئایین و دەوڵەت بکرێتە زەمینەی کار.
١. هیچ زۆرلێکردنێک لە بیر و باوەڕە ئایینییەکاندا نییە، نابێ هیچ بیر و باوەڕێکی دیاریکراوی ئایینی بە زۆرەملێ بسەپێندرێت بەسەر هاووڵاتییاندا.
٢:مافی ئازادیی ئایین، تەواوی ئایین و ئایینزاکان دەگرێتەوە و تەنها بۆ مەزهەب و ئایینێک ئازادی فەراهەم ناکرێت و بەو واتایە دێت هەر هاووڵاتییەک ئازادە لەوەدا چ بیر و باوەرێکی ئایینی پەسەند دەکات یاخود هەر ئایینێکیش بداتە دواوە ئازادە.
بێگومان ئەگەر بەو شێواز و ڕێکارانە لە حکوومەتی داهاتووی ئێران بچینە پێش بە هەموو ئایین و نژادەکان و نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەو وڵاتە دەتوانین لەوپەڕی ئاشتی و ئازادی و برایەتیدا بە یەکەوە ژیان بکەین و داهاتوویەکی ڕوون بۆ خۆمان و جیلەکانی دوای خۆمان دەستەبەر بکەین.