کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د.قاسملوو: هەروەخت گەلی کورد داوای مافی‌ خوراوی خۆی کردووە، تاوانی تەجزییەتەڵەبییان پێ بەستووە

12:46 - 13 رەشەمه 2722

(وتاری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لە میتینگی ١١ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ لە شاری مەهاباد)

ئاماژە: لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئیران لە کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و ئەو ئازادییە ڕێژەییەی باڵی بەسەر کەشی کوردستان و ئیراندا کێشابوو، ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان بڕیاری دابوو لە میتینگێکی گەورەدا دەست‌پێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای خۆی بەڕەسمی ڕابگەیەنێ. بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی دیاری کردبوو کە بوو بە خال‌وەرچەرخانێک لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا. ڕۆژێک کە تیایدا خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای زیاتر لە سێ دەیە تێکۆشانی نهێنی ڕاگەیاندرا، و بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت بۆ حیزبی دێموکرات و شاری مەهاباد، وەبیرهێنەرەوەی دامەزرانی "کۆماری کوردستان" مەزنترین ڕووداوی مێژوویی و پڕشانازیترین دەسکەوتی نەتەوەیی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بوو. لەم میتینگە زیاتر لە سەت هەزار کەسییەدا شەهید دوکتور قاسملوو وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئامانج و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و شیکردنەوەی سیاسەت و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێشەوا ئاسا لەسەر نەخشە ڕێگای خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و بەرنامەی حیزب بۆ خەلک دوا.

مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە کە بۆخۆی لەگەڵ نەمر جەلیل گادانی یەکێک لە وتاربێژانی دیکەی ئەو کۆبوونەوە بەرفراوانە بوو، لە وتارێکدا دەڵی 11ی ڕەشەممەی 1357 دوای 25ی گەلاوێژ، دامەزرانی حیزبی دێموکرات و 2ی ڕێبەندان، دامەزرانی کۆماری کوردستان سێهەمین ڕۆژ و ڕووداوی گرینگی مێژووی ژیانی حیزبی دێموکراتە. "کوردستان" لە ٤٤ ساڵەی ئەو ڕۆژە مێژووییەدا دەقی وتارەکەی د. قاسملوو بۆ خوێنەرانی ئێستای بڵاو دەکاتەوە کە لەلایەن زۆر کەسەوە بە مانیفێستی سەدە، یان مانیفێستی حیزبی دێموکرات ناو دەبرێت.

هاونیشتمانانی بەڕێز!

میوانانی خۆشەویست!

خەڵکی بەشەڕەف و شۆڕشگێڕی مەهاباد!

هاوڕێیانی خەباتگێڕ!

ڕێگام بدەن بە ناوی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بەخێرهاتنێکی گەرمتان لێ بکەم و بەختیاری و دڵخۆشیی خۆم و هاوڕێیانم لە پێکهاتنی ئەو کۆبوونەوەیە مەزن و مێژووییە دەرببڕم. سپاسی هەموو خوشک و برایانی خۆشەویست و میوانانی بەڕێز دەکەم کە زەحمەتیان کێشاوە و لە شارەکانی دورر و نیزیکی کوردستان و ئێرانەوە، بۆ بەشداریکردن لەم میتینگەدا لێرە ئامادە بوون. هەروەها سپاسی دانیشتووانی مەهابادی قارەمان دەکەم کە هەم بە بەشدارییان لەم کۆبوونەوەیەدا، هەم بە میواندارییان ئیمکانی تەشکیلی ئەم میتینگەیان پێک‌هێناوە.

سڵاو لە یادی شەهیدانی ڕێگای ئازادی ئێران و گەلی کورد کە بە خوێنی گەشی خۆیان ئەم ڕۆژە پیرۆزەیان بۆ ئێمە ئامادە کرد. سڵاو لە گیانی پاکی هەموو ڕۆڵە بەشەڕەفەکانی گەل، کە لە ساڵانی ڕەشی ئیستبدادی پاشایەتیدا، نیشانەی بەرزی فیداکاری و ئینسانییەت، نیشانەی زیندووبوونی گەل و سیمبولی درێژەپێدانی خەبات و تێکۆشانی نیشتمانەکەمان بوون. سڵاو لە برایانی فارەس، ئازەربایجانی، بەلووچ، عەرەب، تورکمان، ئاشووری، ئەرمەنی، کەلیمی و هاوخەباتانی ئێمە لە شۆڕشی ئێراندا.

هاونیشتمانان!

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پاش ٣٢ ساڵ خەباتی نهێنی ئەمڕۆ تێکۆشانی ئاشکرای خۆی دەست پێ دەکا. لە ماوەی ساڵانی چالاکی نهێنیدا، ئەندامانی حیزبی ئێمە چ فیداکارییەک کە نەیانکردووە، چ زەحمەتێک کە نەیانکێشاوە، چ تەنگوچەڵەمەیک کە تووشی نەبوون. حیزبی دێموکراتی کوردستان شەهیدی زۆری داوە، زیندانیی زۆر بووە، ئەندامان و لایەنگرانی بەدبەختی و کوێرەوەرییان زۆریان دیوە. بەڵام ئەندامانی حیزبی ئێمە بە پشتیوانیی خەڵک ڕێگای خەباتی بەر نەداوە و ئێستاش سەربەرز و دڵنیا لە هێزی خۆیی و هێزی بێ‌پایانی گەل بەرامبەر بە کۆمەڵانی خەڵک، ڕاوەستاوە و پەیمان تازە دەکاتەوە کە لە دواڕۆژیشدا، بۆ دابینکردنی مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد، بۆ پتەوکردنی ڕێژیمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا، لە هیچ تێکۆشان و گیانبازییەک نەکشێتەوە. گەلی کورد بەحەق چاوەڕوانی ئەوەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی پێشەوا قازی، شەهیدانی چوارچرا، حیزبی شەهیدانی فەیزوڵڵابەگی، مەلا ئاوارە، برایانی موعینی، شەریفزادە، مەحموودی زەنگەنە، نحۆ، وێردی، حیزبی عەزیز یووسفی، سەدانی شەهیدی کرماشان، سنە، سەقز و... سەدان زیندانی  قارەمانی هەموو ناوچەکانی کوردستانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێنەری کۆماری مەهاباد، یەکەم حکوومەتی گەلی کورد لە تاریخی نوێی کوردستان‌دایە. یادی ئەو کۆمارە و سەرکەوتنەکان و دەستکەوتەکانی ئێستاش، لە بیروڕای کۆمەڵانی خەڵکدا، هەر زیندووە. حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی ڕاپەڕینی چەکداریی ساڵەکانی ١٣٤٦ و١٣٤٧ە کە بە سەرکردەیی کۆمیتەی شۆڕشگێڕ، حیزب هەتا دوا هەناسە تا شەهیدبوون لە ئامانجەکانی حیزب و گەل دیفاعیان کرد. حیزبی ئێمە لە ماوەی ٢٥ دیکتاتۆڕیی ڕەشی حەمەڕەزا شادا، لە دیفاع لە مافی گەلی کورد و قازانجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی زەحمەتکێشانی کوردستان درێغی نەکردووە. ئەندامان و لایەنگرانی هەمیشە لە ڕیزەکانی پێشەوی خەبات‌دا ‌‌بوون. هەموو پێکەوە دەبێ تێ‌بکۆشین جارێکی دیکە ڕێژیمی شا و هەرچەشنە ئیستبدادێکی دیکە زیندوو نەبێتەوە.

پاراستنی ئازادییە دێموکراتییەکان و دابینکردنی ڕێژیمێکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە لە سەرانسەری ئێراندا، زامنی ئەسڵیی بەرەوپێشچوونی شۆڕش بۆ بە دەستهێنانی مافی ڕەوای نەتەوایەتیی گەلەکەمانە. بەبێ ‌ڕێژیمێکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە مافی گەلی کورد بەتەواوی دابین نابێ و بێ دابینکردنی مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد، ڕێژیمێکی دێموکراتیک تا سەر پێک نایەت. گەلی کورد وەکوو هەموو گەلانی دیکە ئێران، هەقی هەیە بەڕەسمی پێی بگووترێ، کە ستەمی نەتەوایەتیی میراسی شوومی ڕێژیمی کۆنەپەرستی شا لەنێو دەچێ و شوێنەواری نامێنێ. دەبێ نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی مووئەسسان و لە دانانی قانوونی ئەساسیی تازەی ئێراندا بەشدارن بن تا بتوانن مافی ڕەوای گەلانی ئێران و گەلی کورد لەم قانوونەدا بگونجێنن.

تاوانبارکردنی گەلی کورد بە جیاوازیخوازی و تەجزییەتەلەبی گۆرانییەکی کۆنە و هەروەخت گەلی کورد داوای مافی‌ خوراوی خۆی کردووە، ئەم تاوانەیان پێ بەستووە. ئێمە لە کاتێکدا ئەو تاوانە بە تەوتیئەی دوژمنانی شۆڕش دەزانین و بەتەواوی ڕەدی دەکەینەوە، ڕادەگەینین کە لە سەرانسەری کوردستانی ئێران، دووپاتەی دەکەمەوە، لە سەرانسەری کوردستانی ئێران، هیچ هێزێکی سیاسی جیاوازیخواز و تەجزییەتەلەب نییە. گەلی کورد بە تێکڕایی داوای مافی نەتەوایەتیی خۆی لە چوارچێوی ئێراندا دەکا. ئەگەر دوژمنانی شۆڕشی ئێران و گەلی کورد پێیان وایە کە بە سازکردنی تاوانی جیاوازیخوازی و تەجزییەتەلەبی دەتوانن گەلی کورد، ناچار بکەن حاڵەتی دیفاعی بەخۆییەوە بگرێ و داوی مافی ڕەوای خۆی نەکا زۆر بەهەڵە چوون. ئێمە مافی دانانی چارەنووسی خۆمان، حەقی تەعینی سەرنوشتی خۆمان دەوێ و بۆ ئەم مافە بە هەموو هێزمانەوە تێ‌دەکۆشین.  

هاونیشتمانیان!

ئێستا کە لە ئێراندا هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕی پێکهاتووە، پێمان خۆشە ڕابگەیەنین کە دەوڵەتی شۆڕشگێری مەرکەزی نابێ هەوڵ بدا ژاندارمێرێ و شارەوانی بە شیوەی پێشوو لە کوردستان و سەرانسەری ئێران زیندوو بکاتەوە. ئیدارە و هەڵسوڕاندنی کاروباری نێوخۆی کوردستان، دەبێ بە دەست خەڵکی کوردستانەوە بێ. هێزی ئیجرایی ناوەوە دەبێ پێڕەوی لە شۆڕاکانی ئینقلابی بکا کە لە شار و دێ پێک‌هاتوون. لەسەر ئەرتەش نەزرمان ئەوەیە کە ئەرتەشی کۆنەپەرستی شاهەنشاهی هەڵوەشێ و لە جێگای ئەو تەرتەش گەلی و برای خەڵک کە تەنیا ئەرکی دیفاع لە سنوورەکانی وڵات بێ، دابمەزرێ. لە دواڕۆژ دا، نابێ ڕێگا بدرێ، ئەرتەش دەستدرێژیی بەسەر خەڵکدا بکا و ببێتە گۆپاڵی دەستی دەوڵەت، بۆ سەرکوتکردنی جووڵانەوەی خەڵک. کوردستانی ئێران دەبێ لە حاڵەتی ناوچەیەکی میلیتاریزە، نیزامیکراو بێتە دەر و ئەو پادگانانە کە بۆ دیفاع پێویستن، دەبی لە نیزیک سنوور بن نەک لەنێو شارەکانی کوردستاندا.

خوشک و برایانی بەڕێز!

شۆڕشی ئێران هەتا ئێستا هەنگاوێکی گەورەی هەڵێناوە، بەڵام ڕێگایەکی دووریشی لەبەرە. بۆ ئەوەی سەرکەوتنی تازە وەدەست ‌بێنین، یەکیەتی و خۆڕێکخستنمان پێویستە. نابێ ڕێگا بدەین دوژمن لەنێوماندا، ڕەخنە بکا و دووبەرەکی و ناکۆکی پێک بێنێ. نابێ ڕێگا بدەین هیچ چین و توێژێکی نیشتمانی، دژی چین و توێژێکی نیشتمانی دیکە، عەشیرەتێک دژی عەشیرەتێکی دیکە هان بدرێ. نابێ ڕێگا بدەین دەستە و حیزبێکی سیاسیی پێشکەوتوو، هێزی خۆی بۆ کوتانی دەستە و حیزبێکی سیاسیی پێشکەوتووی دیکە تەرخان بکا. با فێری دێموکراسی بین و تەمرینی دێموکراسی بکەین. کوردستان هەروەکوو ئیران پاوانی هیچ حیزبێک و دەستەیەکی سیاسی تایبەتی نییە. با هەموومان بەرنامە و بیروڕای خۆمان بخەینە بەرچاوی خەڵک، و خەڵک ئازادانە ڕێوشوێنی خۆی هەڵبژێرێ. هەرچەشنە تێرۆری فیکری دەبێ لەنێو بچێ و هیچ کەس لەبەر بیروباوەڕی خۆی نابێ بخرێتە ژێر فشار. لەسەر دۆستان و لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە کە بیروڕا و بەرنامە و داخوازەکانی حیزبی ئێمە لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، بەشێوەیەکی دێموکراتیک بڵاوکەنەوە و پشتیوانیی ئەوان بۆ لای حیزب ڕابکێشن. لەسەر ئەندامان و کادرەکانی حیزبی ئێمەیە کە بە هەموو هێزیانەوە، بۆ بووژاندنەوە و دامەزراندنەوەی ڕێکخراوەکانی حیزبی تێ‌بکۆشن و هەرگیز نابێ لەبیریان بچێ کە ڕێکخراو، تەشکیلات چەکی هەرە گرینگی ئێمەیە. ئەو چەکەمان پێ بێ هەموو قەڵایەکمان پێ دەگیرێ.

هاونیشتمانان!

هاوڕێیان و میوانانی خۆشەویست!

جارێکی دیکە بەخێرهاتن و پیرۆزباییتان لێ دەکەم. هیوام ئەوەیە کە گەلی کورد بە تێکۆشانی هەموو ڕۆڵە بەشەڕەفەکانییەوە، هەر بیروباوڕێکیان هەبێ و شان بە شانی گەلانی دیکەی ئێران، لەم خەباتە مێژووییەدا سەرکەوێ. با بەرهەمی خەباتی شێلگیر و یەکگرتووی ئێمە، جمهوورییەکی دێموکراتیکی ڕاستەقینە بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستانی ئێران بێ.

بژیی شۆڕشی سەرانسەریی گەلانی ئێران!

سەرکەوێ خەباتی یەکگرتووی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، لە ڕێگای دێموکراسی و سەربەخۆییدا!

سەرکەوێ خەباتی گەلی کورد لە ڕێگای خودموختاری کوردستانی ئێراندا!

سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی خۆشەویستی گەلی کورد!