کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوتابییانی ژەهراویکراو

16:17 - 13 رەشەمه 2722

بنەماڵەی قوتابییانی ژەهراویکراوی ئێران، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە چەندین شاری ئێران لە بەردەم بینای پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم کۆ بوونەوە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، بنەماڵەی قوتابییانی ژەهراویکراو بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شارەکانی تاران، ئیسفەهان، کرماشان و ئەردەبیل کۆ بوونەوە و سەرەڕای مەحکوومکردنی ژەهراویکردنی منداڵەکانیان، دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و بەرپرسانی باڵای ڕێژیمیان وتەوە.

پاش دەربرینی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوتابییانی ژەهراویکراو، هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەر بنەماڵەکان و بە دەیان کەسیان دەسبەسەر کردووە.

بنەماڵەی قوتابییان لە شاری تاران بە دروشمی "مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی منداڵکوژ"، لە بەردەم بینای پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.

کۆمەڵێکی دیکە لە بنەماڵەی قوتابییانی ژەهراویکراو بە دروشمی "منداڵەکانمان دەکوژن و بە جێگەی منداڵەکانمان ئاخوند دادەنێن"، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە.

لەلایەکی دیکەوە لە درێژەی ژەهراویکردنی کچانی قوتابی، ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەک لە قوتابییانی قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی "جەنەت" لە شاری سنە بەهۆی هەڵمژینی گازێکی نامۆ، ژەهراوی بوون و بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری ئەو شارە گواستراونەتەوە.