کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی ئێران بەردەوامە

17:22 - 13 رەشەمه 2722

لە درێژەی ژەهراویکردنی قوتابییانی قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان، ئەمڕۆ ١٧ قوتابخانەی دیکە کرایە ئامانجی هێرشی کیمیایی.

ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان لە شارەکانی ئێران، قوتابییانی ١٦ قوتابخانەی کچان و قوتابخانەیەکی دواناوەندیی کوڕان کرانە ئامانجی ئەو هێرشانە و پاش ژەهراویبوون، بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

شەپۆلی ژەهراویکردنی بەئەنقەستی قوتابییانی کچ کە سێ مانگ پێش لە قوتابخانەکانی شاری قوم دەستی پێ کرد، هەموو شارەکانی ئێران و تەنانەت گوندەکانیشی گرتووەتەوە.

ڕۆژی شەممە، لە هێرشێکی کیمیاییدا قوتابییانی قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی فەهمیدە لە قوم، قوتابخانەی دواناوەندیی پاکدەشت و قوتابخانەی موهاجر لە کەرەج، قوتابخانەی شاهد لە ورمێ و قوتابخانەی وەلیعەسر لە زەنجان، ژەهراوی کران و قوتابیان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

هەروەها قوتابخانەی سەفا دەشتی مەلارد، دوو قوتابخانەی کچانە لە هەمەدان، قوتابخانەی دواناوەندیی تەوحید لە شەهریار، قوتابخانەی سەیدجەماڵ ئەسەدئابادی لە عادل‌ئابادی تاران، قوتابخانەی فاتێحی لە ئیسلام‌ئابادی تاران، قوتابخانەی ئێعتماد فەرد لە تاران، قوتابخانەی حەمزە ڕەحمەتی لە ڕەشت و هەروەها قوتابخانەیەک لە کەرەج و قوتابخانەیەک لە شاری سنە، کراونەتە ئامانجی هێرشی کیمیایی.