کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی بەنداوی بۆکان بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمی کردووە

10:13 - 14 رەشەمه 2722

ئاوی بەنداوی کازمیی بۆکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بە شێوەیەک کە بە درێژایی مێژووی خۆی بێ‌ئاویی وای پێوە دیار نەبووە و هەمیشە دەریچەکانیشی کراوە بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاوی بەنداوی کازمی سەر بە شاری بۆکان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە کە ناگاتە ئاستی ئاسایی دەریچەکانیش و هیچ ساڵێک ئاوا کەمی نەکردووە. هەروەها ماوەیەکی پێش هەموو دەریچەکانیان کردبووەوە و گوایە بەرپرسانی ناکارامەی کۆماری ئیسلامی وتبوویان ئاوەکەی دەگوزانەوە بۆ گۆلی ورمێ.

خەڵکی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە هیچ ساڵێک ئەو بەنداوە بەو شێوەیە کەمی نەکردووە و ئەوەش زەرەر و زیانێکی زۆر بە کشتوکاڵی ناوچەکە دەگەیەنێت.

زیاتر لە ٥٠ گوندی ناوچەی هەوشار و بۆکان بۆ کاری کشتوکاڵ پشتیان بەو بەنداوە بەستووە، بەڵام ئەمساڵ بە وشکبوونی، کارەساتی ژینگەیی ڕوو دەدات و خەڵکێکی زۆر زیانیان بەر دەکەوێت و هۆکارەکەشی تەنیا بۆ ناکارامەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێننەوە.