کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمانی دایک وەک کۆڵەکەی مانەوەی نەتەوەکان

12:05 - 14 رەشەمه 2722

شــاهۆ مەتین

یونسکۆ بە نیسبەت گرینگیی زمانی دایک دەڵێ بێتوو کەسێک نەتوانێ بە زمانی دایکیی خۆی قسە بکا، ئەگەر بشتوانێ بخوێنێ و بنووسێ هەر بە نەخوێندەوار دادەنرێت.

ڕابوونی زمانی و پێویستیی سەرنجدن بە زمانی دایک و تێگەیشتن لە گرینگی و زەروورەتی فێربوون و پەروەردەبوون بە زمانی زگماک گەیشتە جێگایەک کە ڕێکخراوی یونسکۆوە لە کۆتایی ڕۆژ و مانگەکانی سەدەی بیستەم، ڕۆژێکی جیهانی بە ناوی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناودێر بکات. ئامانجی یونسکۆ یارمەتیدان بە جۆراوجۆریی زمانی و فەرهەنگی وەک کەلەپوورێکی هاوبەش و بەنرخی مرۆڤایەتی و پێشگرتن لە فەوتان و تێداچوونی زمانەکان بوو؛ چونکە لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە زمان ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و لە خۆ گری شۆناس و کاردانەوەی جیهانیی تاکەکانە. بۆیە فەوتان و نەمانی هەر زمانێک بە مانای فەوتانی شێوەزاری کەسێک لە فەرهەنگ و مێژووی مرۆڤایەتی و سەرلێشێواوی و بێ‌شۆناسیی زمانی تاکە.

لە ڕوانگەی هاوچەرخەوە:

زمانی یەکەم  یا زمانی دایک  بریتییە لەو زمانەی منداڵ لە سەرەتای لەدایکبوونی لە ژینگەی ماڵەوەدا فامی دەکات و ئەو زمانە لە دایک و باب و خێزانەکەیدا فێر دەبێت و لەڕاستیشدا زمانی بنەڕەتیی باوانی منداڵەکەیە.

لە پێناسەی زمانی دایک، یان زگماکدا پێوەرەکانی خوارەوە لەبەرچاو دەگیرێن:

- لە سەرەتای لەدایکبوونەوە بەریەککەوتنی لەگەڵ ئەم زمانە هەیە و فێری دەبێت.

- توانای هەیە بە شێوەی سرووشتی، ئاسایی و ڕەوان قسەی پێ بکا.

- پێوەندیگرتن بەم زمانە لەگەڵ کەسانی تردا بۆی ئاسانە و بە سەریدا زاڵە.

- کاتی ئاخاڤتن بەم زمانە، زمانی تەتەڵە ناکات و بن‌زاری نییە.

لە ڕوانگەی ناهاوچەرخەوە :

زمانی دایک لە بنەڕەتدا زمانی دایکیی منداڵ نییە. وشەی دایکی لە چەمکی زمانی دایکدا بە مانای سەرەکی دێت وەک نیشتمانی دایک، زانکۆی دایک، پیشەسازیی دایک و هتد. بەم پێیە دەتوانین بڵێین کە زمانی دایکیی هەر تاکێک زمانی باوباپیرانی ئەو تاکەیە، هەرچەند لەوانەیە  ئەو تاکە نەتوانێ پێی بئاخڤێت. بۆ میناک زمانی دایکیی تاکێک کە فارسییە، بەڵام باوباپیرانی بە کوردی  قسە دەکەن (منداڵێکی هەورامی کە بە زمانی فارسی قسە دەکا، هەرچەند ناتوانێ بە زمانی دایکی قسە بکا بەڵام لەژێر پێناسەی ناهاوچەرخ بوونی پێناسەی زمان چۆن زمانی ئەژدادی کوردییە، زمانی دایکی ئەویش کوردییە).

لە ڕوانگەی مێژووییەوە :

ڕاڤەیەک هەیە کە دەڵێ: ئەوەی ڕۆژێک تاک بەو ڕاستییە بگا زمانی ئەژدادیی جیاواز لەو زمانە بووە کە ئێستا ئەو قسەی پێ‌ دەکا یا ئەو بە هەر هۆکارێک نەیتوانیوە زمانی دایکی خۆی فێر بێت، لە ئەگەری ڕەخساندنی دەرفەت فێری زمانی دایکی خۆی بێت و لەمەوبەدوا بە زمانی ڕەسەنی خۆی واتە زمانی دایکی قسە بکات. یا ئەگەر ئەو فێریشی نەبێت کە بیڵێت و قسەی پێ بکا، بەڵام خۆی بەو زمانە پێناسە بکا و بناسێنێت.

هۆکارەکانی گرینگیی زمانی دایک و زەروورەتی فێربوونی:

- زمانی دایک لە فۆڕم‌بەخشین بە شۆناس و کەساییەتیی منداڵدا کاریگەریی حاشاهەڵنەگری هەیە و لەڕاستیدا بەشێک لە شۆناسی تاکە.

- منداڵ لە ڕێگای زمانی دایکیی خۆیەوە فێر دەبێت و دەتوانێ هەست و ئێحساسی خۆی دەرببڕێت و ژینگەکەی باشتر بناسێت.

- فێربوونی زمانی دایک پێوەندی تاک بە ڕابردوو و ڕیشەی خۆی گرێ دەدات و پێش بە دابڕانی ئەو پێوەندییە و دەرەنجام بێ‌شۆناسی بەشێوەی گشتی و  بێ‌شۆناسی زمانی بەشێوەی تایبەتی دەگرێت.

- نزیک لە تەواوی پسپۆڕانی پەروەردە لەسەر ئەم بڕوایەن، منداڵێک کە بە زمانی دایکیی خۆی بیر دەکاتەوە، باشتر دەتوانێ بیرکردنەوەکانی دەرببڕێت.

- تاکەکان زمانی دایک فێر دەبن، بەڵام زمانی دوویەم لەبەر دەکەن. لە پڕۆسەی زمانی دوویەمدا تاک دەست دەکا بە پێوانەکردنی زمانی دوویەم لەگەڵ زمانی دایکیی خۆی.

- لێکۆڵینەوەکان دەڵێن فێربوونی زمانی دایک لەبەرکردنی زمانەکانی دیکە ئاسان دەکات و دەبێتە هۆی بەرەو پێشچوون.

- درێژەپێدان بە فێربوونی زمانی دایک بۆ  منداڵان لە کاتی پەروەردە بە زمانی

دوویەم بە دوو هۆکار گرینگە:

یەکەم، لەبەر ئەوەی زاڵبوونی تەواو بە سەر زمانی دایک دوازدە ساڵ دەگرێت و پێش ئەوەی زمانی دوویەم فێر بێت، پڕۆسەی پەروەردە دەست پێ دەکات، باش وایە پەروەردەی زمانی دایک نەوەستێ تا منداڵ بتوانێ زمانی دوویەم لەسەر بنەمای زمانی یەکەم واتە زمانی دایک فێر ببێت.

دوویەم، بۆ ئەوەی منداڵ بتوانێ بابەتی زانستی بە زمانی دوویەم فێر بێت پێنج تا حەوت ساڵ کات پێویستە، بۆیە لەم نێوەدا درێژەدان بە زمانی دایک گرینگیی خۆی پێشان دەدا.

داتاکانی یونسکۆ دەڵێن ئەمڕۆ سێ هەزار زمان لە بەردەم مەترسیی فەوتان‌دان و نیزیکەی شەش هەزار و هەشت سەد زمان لە سەرتاسەری جیهاندا هەن کە لە بواری ڕێژەی ئاخێوەران لەگەڵ یەکتری جیاوازن. لەم ڕێژەیەش یازدە زمان هەر کامیان سەد میلیۆن کەس ئاخێوەریان هەیە، یانی پەنجاویەک لە سەدی حەشیمەتی جیهان بەم زمانانە قسە دەکەن، ئەم زمانانەش بریتین لە ئینگلیسی، ئیسپانی، عەڕەبی (بە هەموو شێوەزارەکانی)، هێندی، پۆرتێغالی، بێنگالی، ڕووسی، ژاپۆنی، فەڕانسەوی و ئاڵمانی. دووسەت زمانیش چل‌وچوار لە سەدی حەشیمەتی جیهان قسەی پێ دەکەن، ئەوەش بەو مانایە دێت کە زیاتر لە شەش هەزار زمان لەلایەن کەمتر لە یەک میلیۆن کەس قسەی پێ‌دەکرێت و بگرە لەوانەیە کەمتر لە سەد هەزار کەسیش قسەیان پێ بکا. ڕوونتر دەتوانین بڵێین لە ڕێژەی نەوەد و پێنج لەسەدی زمانەکانی دونیا کەمتر لە  پێنج لە سەدی حەشیمەتی جیهان قسەیان پێ دەکرێت.

بەپێی هەڵسەنگاندنی یونسکۆ سێ هەزار زمان لە سەراسەری جیهان بەرەو فەوتان دەچن، زمانی بەرەو فەوتان بە زمانێک دەگوترێت کە یەکێک لەم سێ دۆخەی هەبێت و بەم پێیە دەتوانین بڵێین ئەو زمانە فەوتاوە:

- منداڵان ئیتر ئەو زمانە وەک زمانی دایک لە ماڵەوە فێر نابن.

- باب و باپیران یا بەتەمەنەکانیان بە زمانی ڕەسەنی دایکیی خۆیان قسە ناکەن، لە حاڵێکدا باب و باپیرانیان ئەو زمانە دەزانن؛ بەڵام لەگەڵ منداڵەکانیان بەو زمانە قسە ناکەن.

- لاوترین ئاخێوەرانی ئەم زمانە باوک و باپیر و دایەگەورە و باوەگەورن کە وەچە بەتەمەنەکانیانن و ئەوانیش بەشێوەی گشتی و تەواو لە زمانی دایکییان لەنێو خۆشیاندا کەلک وەرناگرن و ئیدی زمانەکە فەوتاوە.

یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی مانەوەی هەر زمانێک ئاخێوەرانی ئەو زمانەن.   شێوەی ڕوانین، هەڵسوکەوت و کرداری ئاخێوەرانی یەک زمان دەتوانێت لە مانەوە یا فەوتانی ئەو زمانەدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبیت. بۆ نموونە ئەوەی کە بوو بە هۆی ئەوەی زمانی بێنگالی بە نەتەوەیی و فەرمی ڕاگەیندرێ، هەوڵی ئاخێوەرانی ئەو زمانە بەتایبەت چینی خوێندەوار بوو.

لە کۆتاییدا باسەکەشدا ئاماژە بە بیروبۆچوونی هێندێک بیرمەندی جیهان لەسەر گرینگیی زمان و پێناسەی ئەوان بۆ زمان دەکەین:

- شۆپێنهاوێر: زمان بەبایەخترین میراتی هەر نەتەوەیەکە.

- هایدیگێر: بێتوو زمانی نەتەوەیەک بفەوتێت، ئەو نەتەوەیە لەسەر ڕووی زەوی نامێنێت.

- ویت گێنێشتاین: زمانی من جیهانی منە و جیهانی من زمانی منە.

- جان ئێستوارت میل: ئەگەر بیانەوێ  ئێوە لە خۆیاندا بتوێننەوە و دەستەمۆتان بکەن، سەرەتا دەست بۆ زمانەکەتان دەبەن.

- مامۆستا هه‌ژار: نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌ پارێزگاری زمانه‌که‌ی خۆی بێ، وه‌کوو دیلێکه‌ کلیلی زیندانه‌که‌ی له‌ گیرفاندا بێ. هه‌رکات هه‌لومه‌رجی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خسا، ده‌توانێ خۆی ڕزگار بکا. به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌ گرنگیی نه‌دا به‌ زمانی خۆی وه‌کوو دیلێکه‌ که‌ کلیلی زیندانه‌که‌ی له‌ ده‌ست دوژمنه‌که‌یدا بێ. بۆیه‌ چۆک داده‌دا و وردەورده‌ له‌نێو زمان و فه‌رهه‌نگی باڵاده‌ستدا ده‌توێته‌وه‌.

گاندی: کەسێ کە زمان و ئەدەبی خۆی نەخوێندبێ، مێژوی خۆی نازانێ و ئەوەی کە مێژۆی خۆی نەزانێ، داهاتووی نابێت.

- ماندێلا :ئەگەر لەگەڵ کەسێدا بەو زمانەی فێری بووە بدوێی قسەکانت دەچێتە مێشکیەوە، بەڵام ئەگەر بە زمانی دایکی بیدوێنی قسەکەت لە ناخی دڵیدا جێگیر دەبێ.

- جۆرج بڕادۆن: ئەگەر دایک و باوکان بزانن بڕوامەندیان هەبیت کە زمانی ئەوان گرینگ و بایەخدارە بە زمانی خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیان ئاخافتن دەکەن.

- مووسا عەنتەر: ئەگەر زمانی ڕەسەنی من، بناغەی دەوڵەتی تۆ دەهەژێنێت، مانای وایە کە تۆ دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من دروست کردووە.