کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆیندکاران و قوتابییانی سنە داوایان لە خەڵک کرد کە پەیوەست بە کۆبوونەوەی ١٦ی ڕەشەمەی مامۆستایانەوە بن

11:54 - 14 رەشەمه 2722

بە دوای بانگەوازی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابییانی کچ لە قوتابخانەکانی ئێران، کۆمەڵێک خۆێندکار و قوتابی لە سنە لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە خەڵک کرد کە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمە پەیوەست بەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەوە بن.

لە بانگەوازی شۆرای سێنفیی مامۆستایاندا هاتووە کە سەرەڕای زوڵم و ستەمی چەند ساڵەی ڕێژیمی ئێران، لە ئێستادا ئەو ڕێژیمە ڕووخسارێکی ناحەزتری لە خۆی نیشان داوە و ‌هێرشی کیمیایی کردووەتە سەر کچانی ئەو وڵاتە، هەتا بە خەیاڵی خۆی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" بۆ هەمیشە بکوژێننەوە و توڵە لە ژنان و کچانی پێشەنگ بکەنەوە.

خۆێندکاران و قوتابییانی سنە بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی شۆرای سێنفیی مامۆستایان، لە بەیاننامەی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای بەشداریی خۆیان لەو کۆبوونەوەیە، داوای بەشداریی بنەماڵەی قوتابییان و خوێندکاران، مامۆستایانی ئایینی و سەرجەم توێژەکانی خەڵکی سنە کردووە کە ڕۆژی سێشمەممە ١٦ی ڕەشەمە، لە بەردەم ئیدارەی گشتیی پەرورەدە و بارهێنانی سنە لە کاتژمێر ١٠ هەتا ١٢ لەو ناڕەزایەتییەدا بەشداری بکەن.