کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ساڵیادی كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی

16:34 - 14 رەشەمه 2722

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کانادا و ئەمریکا، بەشدارییان لە ساڵیادی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی کرد.

ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە کانادا و ئەمریکا، لەسەر بانگهێشتی لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کوردستان، بەشدارییان لە ٤٤ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەمر مەلا مستەفا بارزانی کرد. هەیئەتی حیزب لەلایەن "حیکمەت بامەڕنی"، بەرپرسی لقی پارتی لە ئەمریکا و کانادا، بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

ڕێورەسمەكە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی‌ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كورد و كوردستان دەستی پێ كرد.

پاشان بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیان و خەباتی نەمر مەلا مستەفا پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە درێژەدا چەند كەسایەتییەک لەبارەی ڕۆڵی مەلا مستەفا لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و بەشداریی بارزانییەكان بە ڕێبەرایەتیی ناوبراو لە كۆماری كوردستاندا، چەند وتەکەیان پیشکەش کرد.