کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران قسەکانی "گەڕووسی" لەسەر چاوەدێرییە ناوکییەکانی ڕەت کردەوە

16:37 - 14 رەشەمه 2722

پاش چەند کاتژمێرێک لە قسەکانی ڕافائێل گەڕووسی، کۆماری ئیسلامی ڕەتی کردەوە کە ڕێگە بە ئاژانس بدات تاکوو چاوەدێریی چڕ بخاتە سەر بەرنامە ناوکییەکانی تاران.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، بێهرووز کەماڵوەند، لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا، هێندێک لە ئیدیعاکان لەسەر دەستپێڕاگەیشتنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بە سایتی فێردۆی ڕەت کردەوە و وتی: لەسەر دانانی کامێرای چاوەدێری لە سایتی فێردۆ، هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە و هەر لەو بارەیەشەوە قسە نەکراوە. تاران ڕێگە نادات ئاژانس کامێرای چاوەدێری لە سایتە ناوکییەکانی تاران جێگیر بکات.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەی کە گەڕووسی و هەیئەتەکەی لە ئێران بوون، هیچکات باسی ئەوە نەکراوە کە ئاژانس نەفەر بە هەیئەتی چاوەدێرییەوە زیاد بکات. هیچ نووسراوەیەکیش لەو بارەیەوە نەنووسراوە و ئەگەر شتێکی لەو بابەتەش نووسرابا، کۆماری ئیسلامی نەک هەر قەبووڵی نەدەکرد بەڵکوو بەتەواوی ڕەتی دەکردەوە.