کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان

16:49 - 14 رەشەمه 2722

بەپێی ئەو ڕاپۆرت و زانیارییانەی کە بڵاو کراونەتەوە، شەپۆلی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێران لە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەشەمە، بە چڕی بەردەوام بووە.

ئەو گرتە ڤیدیۆگەلەی کە بڵاو کراونەتەوە نیشانی دەدات کە لە قوتابخانەکانی فولادشەهر، کەرەج، تەورێز، یەزد، هەمەدان، شیراز، ڕامهورمۆز، تاران، ماهشەهر، قەزوین، گۆنبەدی کاووس، سپاهان شەهر، فەردیس، شاباد، زەنجان و چەندین شاری دیکەی ئێران و کوردستان قوتابییان ژەهراوی کراون.

لەلایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە دوو جار خوێندکارەکان لە خەوتنگەی زانکۆی تەکنیکی و پیشەیی قازی تەباتەبایی لە شاری ورمێ کراونەتە ئامانج و بەشێکیان بەهۆی ژەهراویبوون، براونەتە نەخۆشخانە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو لە زیاتر لە  ٣٥ شاری ئێران هێرش کیمیایی کراوەتە سەر قوتابییانی کچ لە قوتابخانەکان.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، بنەماڵەی قوتابییان کە لە هێندێک قوتابخانەکان کۆ بوونەتەوە، کەوتوونەتە بەر لێدانی هێزەکانی ڕێژیم.

بە وتەی چاوەدێران و چالاکانی سیاسی، هەڵوێستی دژبەیەکی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٣ مانگ لە هێرشی کیمیایی بەربڵاو و هاوئاهەنگ بۆ سەر قوتابخانەی کچانە لە شارەکانی ئێران و بەدوادانەچوونی جیددیی یاسایی، ئەگەری دەستتێدابوونی ناوەندەکانی باڵای ڕێژیم لەو ڕووداوانەدا، زیاتر دەکات.

لەو پێوەندەییەدا بەپێی ڕاپۆرتە نافەرمییەکان، باس لەوە دەکرێت کە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران ئیزن بە بنەماڵەکان نادات کە دەستیان بە وڵام و ئاکامی تاقیکاریی قوتابییانی ژەهراویکراو بگات.