کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی ئێران: ژوورێکی فکریی حکوومەت لە ژەهراویکردنی قوتابییاندا دەستی هەیە

10:08 - 15 رەشەمه 2722

لەگەڵ بەردەوامیی ژەهراویکردنی قوتابییانی قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان، چالاکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە ئەو کارەساتە لە ژوورێکی فکریی کۆماری ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێت.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی ئێران، لەسەر ئەوە جەختیان کردەوە کە ئەگەری ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ژەهراویکردنی قوتابییان لە هەموو ئەگەرەکانی دیکە بەهێزترە و تەنیا کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی دەتوانێت بەو شێوە بەربڵاوە گازی ژەهراوی لەنێو قوتابخانەکان بڵاو بکاتەوە، دەنا هیچ گرووپێکی دیکە ناتوانێت بەو شێوەیە هێرشی کیمیایی بکاتە سەر کچانی قوتابخانەکان.

هەروەها سێدیقە وەسمەقی، ئیسلامناس و ئەندامی پێشووی شۆرای شاری تاران، ئاماژەی بە چەند ئەگەری هۆکاری هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان کردووە و نووسیویەتی: "یەکێک لەو ئەگەرانە ئەوەیە کە ئەم هەنگاوە جینایەتکار و دڕندانە بەرهەمی ژوورێکی فکریی هێندێک لە دامەزراوە حکوومەتییەکانە."

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە تاکوو ئێستا بەرهەمی ئەو ژوورانە کوشتنی بیرمەندان و نووسەران، هێرشی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەی موسافربەری، تەقەی راستەوخۆ لە چاوی کچان و دامەزراندنی کەسانی جینایەتکار لە دامودەزگاکانیان بۆ سەرکوتی خەڵک بووە.