کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی ورمێ

10:35 - 15 رەشەمه 2722

مام دەرباز محەممەدی، ناسراو بە دەروێش دەرباز، کەسایەتیی خۆشناو و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی ورمێ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی مام "دەرباز محەممەدی" ناسراو بە دەروێش دەرباز، پێشمەرگەی پێشووی حیزب و خەڵکی گوندی وەرمەزیار لە ناوچەی بەراندێزی ورمێ، لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مام دەرباز ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی پەیوەست بە ڕێزەکانی حیزبەوە بوو و لە شەڕەکانی ناوچەی بەراندێز و شەڕی بەناوبانگی ورمێ چالاکانە و قارەمانانە بەشداریی کردووە. مام دەرباز لە ساڵی ١٣٦١ بەهۆی دۆخی تایبەتی خۆی و بنەماڵەکەی، لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی وڵات.

دەروێش دەرباز لە نێوخۆی وڵاتیش لەسەر ڕێگە و ڕێبازی حیزبەکەی بەردەوام بوو. هەروەها بەهۆی نیشتمانپەروەری و تایبەتمەندییە کەسییەکانی ببووە کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەی بەراندێز.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی مام دەروێش دەرباز، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.