ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمە، ناوەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی کوردستان ناسراو بە ''ئاسک'' لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی نەورۆزی سەرشەقامی شاری کۆڵن دەربری.
ئاسک لە بەشێک لە پەیامەکەیدا وتوویەتی: "کۆمەڵەی ئاسک لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە بە هەست بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی، پشتیوانیی خۆی لە بڕیاری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنێت و بە شێوەیەکی چالاکانە تێیدا بەشداری دەکات".
ناوەندی ئاسک لە پەیامەکەیدا ڕوو بە دیاسپۆرا وتوویەتی: "دەستەی بەڕێوەبەریی ئەم جێژنە بەشکۆ و جەماوەرییە، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمیی خۆی بەنیسبەت خوشک و براکانمان لە باکوور و ڕۆژاوای نیشتمان کە لە ئاکامی ڕوودانی بومەلەرزەیەکی ماڵوێرانکەردا هەزاران قوربانیی لێ کەوتەوە، داوایان لێ دەکات تێیدا بەشداری بکەن و یادی ئازیزانیان بە جۆرێکی تایبەتی بکەنەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی نەورۆزی "ژن، ژیان، ئازادی" لە وڵاتانی ئەمریکا، سوید و ئاڵمان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕاگەیەندراوێکی ڕوو بە ڕای گشتی و بە تایبەت دیاسپۆرا و کۆمیتەکانی سەر بە ناوەند بڵاو کردەوە کە بووە هۆی پێشوازیی کۆمەڵ و فێدراسیۆنەکانی کۆمەڵە کوردییەکان و کوردانی دیاسپۆرا.
لەو پێوەندییەدا ناوەندی هاوئاهەنگیی کورد کە بە دەیان ڕێکخراوی کوردی لەخۆ دەگرێت، بۆ بە دەنگەوەهاتن، پشتیوانیی خۆی لە شۆڕشی ژینا و یارمەتیدانی نەورۆزی ''ژن ژیان ئازادی'' لە وڵاتی ئاڵمان دەربڕی.