بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی ''کوردستان میدیا''، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕەشەمە، هێرشی کیمیایی کرایە سەر قوتابخانەی کچانەی سەرەتایی ''سەبا'' لە گوێکتەپەی مەهاباد و ٦٠ قوتابی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو گازە کیمیاییەی کە لە دژی قوتابییان بەکار هێنراوە، بووەتە هۆی ئەوەیکە قوتابییان بێهێز و نیوەبێهۆش ببن و بەشێک لە قوتابییانی ژەهراویکراو بۆ نەخۆشخانەی ورمێ ڕاگوێزراون.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە کاتی ئەو هێرشە کیمیاییەدا، بۆ ماوەی ٥ خولەک بەرقی ئەو شارەکە پچڕاوە و کامێرای "سیسی تیڤی" هیچ وێنەیەکیان نەگرتووە.
بەپێی زانیارییەکان، هەتا ئێستا لە کوردستان و ئێران زیاتر لە ١٢٧ قوتابخانە لە ٢٥ پارێزگا هێرشی کیمیاییان کراوەتە سەر و بە وتەی زۆربەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ژەهراویکردنی قوتابییان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێت.