کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هاوکاری: پشتیوانی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ١٦ی ڕەشەمەی مامۆستایان دەکەین

19:29 - 15 رەشەمه 2722

خەڵکی خەباتکار و مافویستی کوردستان!
ویژدانە زیندووەکانی جیهان!

هەروەک لە ڕاگەیەندراوی پێشووی ناوەندی هاوکاریدا هاتبوو، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠٠ قوتابیی کچ لە خوێندنگەکانی چەند شارێکی ئێران کە کرماشان و مەریوانیشی گرتۆتەوە، بەهۆی ژاراویبوونەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون و تا ئێستا یەک لەو کچە قوتابییانە لە شاری قوم گیانی لەدەست داوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی هاوکاریدا گوترابوو کە بە سەرنجدان بە ماهییەتی ڕێژیم لە تاوانە ڕێک‌خراو و سیستماتیکەکانی وەک کوشتن لەسەر نامووس، قەتڵە زنجیرەیی و ئەسیدپڕژاندن، ئەمەش سیناریۆیەکی دیکەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمە و، ئامانج لەوەش بڵاوکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگە و تۆڵەکردنەوە لە کچان بەهۆی پێشەنگایەتییان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یە.

لە ئێستاشدا کە شوڕای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان دژی تێرۆری بیولۆژیکی قوتابییانی کچ لە قوتابخانەکانی ئێران، داوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە بەردەم ئیدارەی گشتیی پەرورەدە و بارهێنانی شارەکان لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەدا کردووە، ناوەندی هاوکاری پشتیوانی لەو بانگەوازەی شوڕای هاوئاهەنگی و چالاکانی مەدەنی و خۆێندکاری دەکات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان تاوانخوڵقێنی جینایەت و کارەساتەکانی پێشووی ڕێژیم لەدژی خەڵکی مافویست و نارازیی ئێران جارێکی دیکەش داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەکات کاردانەوەی خێرا و توندیان لەهەمبەر کۆمەڵکوژی و کردەوە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیدا هەبێت.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٥ی ڕەشەممەی ١٤٠١ی هەتاوی