کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی هۆڵێکی وەرزشیی بیجاڕ لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە

19:52 - 15 رەشەمه 2722

بە بریاری دادستانی گشتیی ڕێژیم لە شاری بیجاڕ، هۆڵێکی وەزرشیی ئەو شارە داخرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامی لە شاری بیجاڕ، بەهۆی هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکی خەڵک لەو هۆڵە وەرزشییەدا، دۆسیەی لەسەر ئەندامانی شۆرای شار، بەڕێوەبەرایەتیی هۆڵەکە و ڕۆژنامەنووسێک کردووەتەوە و هۆڵەکەشی داخستووە.

کوردپا لە درێژەدا ڕایگەیاند کە بەبۆنەی ڕۆژانی شەعبانەوە، شۆرای شاری بیجاڕ فێستیڤاڵێکی خواردەمەنیی بەڕێوە بردووە کە لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا ژنان و پیاوان پێكەوە هەڵپەڕکێ و شاییان کردووە و کەسایەتییە ئایینییەکانی ئەو شارە و هێندێک لایەنی توندئاژۆ توڕەییان لەو کارە دەربڕیوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە کۆتاییدا ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی ڕەشەمە هۆڵەکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دابخرێت.

دادستانی گشتیی ڕێژیم لە بیجاڕ، بە تۆمەتی "پەرەپێدان بە بەدڕەوشتی" دۆسیەی بۆ ئەندامانی شۆرای شار و بەڕێوەبەرانی هۆڵەکە و ڕۆژنامەنووسێک بە ناوی محەممەد ئاقایی کردووەتەوە.