کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین قوتابخانەی تری کوردستان کەوتنە بەر هێرشی کیمیایی

19:59 - 15 رەشەمه 2722

لە درێژەی ژەهراویکردنی گوماناویی قوتابییانی قوتابخانەکانی کوردستان، لە دیواندەرە دۆخەکە ئەوەندە ئاڵۆزە کە نەخۆشخانەکان پڕن لە قوتابیی ژەهراویکراو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەکانی شاری دیواندەرە و بەو هۆیەوە سەرجەم کچانی قوتابی ژەهراوی کراون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک بە "کوردستان میدیا"ی ڕاگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی کچانی قوتابی و پێیان دەڵێن کە قوتابییەکانتان لە قوتابخانە هەر شتێکیان بەسەر هات، وەکوو ژەهراویبوون یان بەهەر هۆکارێکی دیکە تووشی کێشەی تەندروستی بوون، نابێ بەرپرس و مامۆستایانی قوتابخانەکە بە بەرپرسیار بزانن و بە زۆرەملێ دەیانهەوێت واژۆیان پێ کۆ بکەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد کە ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی لە قوتابخانەکانی بۆکان کارەساتی مرۆیی بخولقێنێت، بۆیە بە زۆرەملێ دەیهەوێت ڕەزایەتی بنەماڵەکان بەدەست بهێنێت. لە هەمان کاتیشدا خەڵک وڵامی بەکرێگیراوانی ڕێژیمیان نەداوەتەوە و هیچ نووسراوەیەکیان بۆ واژۆ نەکردوون، چونکە پیلانە دڕندانەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ دەرکەوتووە.