کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ هێرشی کیمیایی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان بەردەوامە

09:43 - 16 رەشەمه 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر دەیان قوتابخانەی قۆناغە جیاوازەکان، خەوتنگە و زانکۆکان لە شارەکانی کوردستان و ئیراندا و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە سەدان قوتابی لە قوناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی ژەهراوی کراون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە و چەند قوتابییەکیش بەم هۆکارەوە گیانیان لەدەست داوە.

ڕێژیمی ئێران لە کوردستان هێرشی کیمیایی کردووەتە سەر دەیان قوتابخانە، هونەرستان، زانکۆ و خەوتنگەی قوتابییان و خوێندکاران لە شارەکانی "سنە، کویەشت، مەریوان، دێهلوڕان، مێهران، بۆکان، پیرانشار، کرماشان، سەرپێڵی زەهاو، شاباد، هەرسین، ئیلام، کامێران، ئەیوان، گیەڵان، کەنگەڤەر، ورمێ، قەسرشیرین، مەهاباد، ماکۆ، دیواندەرە، نەغەدە، تیکاب، سەڵماس، سەراوڵە، هەمەدان، شاری کورد و قووچان" و دەیان شارۆچکە، شارەدێ، ناوچە و گوندی سەر بەو شارانەی کوردستان.

زۆرتری ئەم هێرشانە بۆ سەر قوتابخانەی کچان بووە و زیاتر لە سەدان قوتابی لە قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی، دواناوەندی و تەنانەت خەوتنگە و شوێنی مانەوە و پشووی کچانەی کۆمەڵێک لە زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکانی دواناوەندیی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە کە هەنووکە دۆخی تەندروستیی کۆمەڵێکیان ناجێگیرە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

جیا لەو تاوان و هێرشانەی ڕێژیم بۆ سەر قوتابییان، هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەی ئەو منداڵانەی کە لەهەمبەر ژەهراویکردنی منداڵەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕێوە و بێڕێزییان پێ کردوون و ژمارەیەکیان لێ دەسبەسەر کردوون و بۆ ناوەندە حکوومەتییەکانیان گواستوونەتەوە و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لێ کردوون.

ئەم هێرشانە لە ناوچە و شارەکانی دیکەی ئێران هاوکات لەگەڵ کوردستان بەردەوام بووە و بەپێی قسەکانی وەزیری تەندروستیی ڕێژیم، هەتا ئێستا هێرش کراوەتە سەر زیاتر لە ٢٣٠ قوتابخانە لە ٢٥ پارێزگا و بەم هۆیەشەوە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ٥ هەزار قوتابی لە سەرانسەری ئیران ژەهراوی کراون و تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر سەد قوتابخانە. بەڵام باس لەوە دەکرێت کە ئامارە ڕاستەقینەکان زۆر زیاتر لەوەیە و چەند قوتابییەک گیانیان لەدەست داوە.

ئەم تاوانانەی ڕێژیمی ئێران دژکردەوە و کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکیی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە. لەم پێوەندییەدا چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی ئێران، لەسەر ئەوە جەختیان کردەوە کە ئەگەری ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ژەهراویکردنی قوتابییان لە هەموو ئەگەرەکانی دیکە بەهێزترە و تەنیا کۆماری ئیسلامی دەتوانێت بەو شێوە بەربڵاوە گازی ژاراوی لەنێو قوتابخانەکان بڵاو بکاتەوە و هیچ گرووپێکی دیکە ناتوانێت بەو شێوەیە هێرشی کیمیایی بکاتە سەر قوتابخانەکان.

لەم پێوەندییەدا شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان و کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان لە دوو بانگەوازی جیاوازدا بە دژی ئەو هەوڵە تیرۆریستییە بایۆلۆژییەی ڕێژیم بۆ سەر منداڵان، قوتابییان و خوێندکاران، داوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم بەڕێوەبەریی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی شارەکان بۆ ئەمڕۆ ١٦ی ڕەشەمە و بایکۆتی پۆلەکانی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان کردبوو.

زۆربەی ڕێکخراو و چالاکانی بوارە جیاجیاکان، بە شێوەی جۆراوجۆر لەسەر ئەم کردەوانەی ڕێژیم هاتوونەتە دەنگ و ناڕەزایەتی و نیگەرانیی خۆیانیان دەربڕیوە و ئەم هێرشانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر قوتابخانەکان بە تۆڵەی ئەو ڕێژیمە لە "شۆڕشی ژینا" دەزانن.

هەر لەم پێوەندییەدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا ڕێژیمی ئێرانی بە بەرپرسیاری سەرەکیی ئەو تاوانەی لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند: "بە سەرنجدان بە ماهییەتی ڕێژیم لە تاوانە ڕێکخراو و سیستماتیکەکانی وەک کوشتن لەسەر نامووس، قەتڵە زنجیرەیی و ئەسیدپڕژاندن، ئەمەش سیناریۆیەکی دیکەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمە و ئامانج لەوەش بڵاوکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگە و تۆڵەکردنەوە لە کچان بەهۆی پێشەنگایەتییان لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە".

هاوکات لەگەڵ ئەو کاردانەوە و دژکردەوانەی کوردستانییان و ئێرانییانی ناوخۆ و دەرەوە، کۆمەڵێک لە وڵاتانی جیهان لەم پێوەندییەدا نیگەرانیی خۆیانیان دەربڕیوە. هەروەها کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لەسەر ئەو بارودۆخەی بۆ قوتابخانە و قوتابییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هاتووەتە ئاراوە، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکات.