کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: دەبێ کۆمیسیۆنی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان، بەدواداچوون بۆ بابەتی ژەهراویبوونی قوتابییان لە ئێران بکات

10:57 - 16 رەشەمه 2722

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ژەهراویکردنی قوتابییانی قوتابخانەکان لە ئێران وتی: ئەگەر ژەهراویکردنی قوتابییان لە ئێران پێوەندییان بە ناڕەزایەتیی ژنانەوە هەبێت، دەبێ کۆمیسیۆنی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وتی: ئەگەر کۆماری ئیسلامی بۆ تۆڵەکردنەوەی ڕاپەڕینی ژنانی ئێران قوتابخانەی کچان ژەهراوی دەکات، ئەوە بۆ دەرکەوتنی ڕاستییەکان دەبێ کۆمیسیۆنی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زووترین کات بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و بە وردی لەسەری لێکۆڵینەوە بکات.

ناوبراو لە درێژەدا ئەوەشی زیاد کرد کە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان دەربکەوێت کە ژەهراویکردنی قوتابییان کار و پیلانی کۆماری ئیسلامییە و دەیهەوێت لە ژنانی ئازادیخواز تۆڵە بکاتەوە و بەو کردەوە نامرۆڤانە کار و چالاکیی ژنانی ئێران سنووردار بکات، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمیسیۆنی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان ڕاسپرێت و لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەی ورد بکات.