کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ژەهراویکردنی کچانی قوتابی لە قوتابخانەکانی ئێران

17:31 - 10 رەشەمه 2722

ژەهراویکردنی کچانی قوتابی لە ئێران و کوردستان زیاتر پەرەی سەندووە. ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕەشەمە، قوتابییانی چەند قوتابخانەی کچانە لە تاران، پەرەند، ئەردەبیل و کرماشان ژەهراوی بوون. بە تێپەڕینی سێ مانگ لە دەستپێکی ئەو ژەهراویکردنە، نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەرپرسیاریەتیی ئەو کارەیان خستووەتە سەر دوژمنان.

لە ئاکامی ژەهراویکردنی قوتابییان، بنەماڵەی ئەو قوتابییانە خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و دروشمیان دا کە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە هێرشیان کرایە سەر و تووشی دەرگیری بوون.

لە کرماشان قوتابییانی قوتابخانەی کچانەی ''سپێهر مێسباح'' و لە ئەردەبیل قوتابخانەی کچانەی ''عیفاف'' و قوتابخانەکانی دواناوەندیی کچانەی ''بەهار، بەهارانی دادمان و مێعراج'' و چەندین قوتابخانە لە تاران و چەند شاری دیکە ژەهراوی کران.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە ٩ی ڕەشەمە، بۆ یەکەم جار ژەهراویکردنی بەئەنقەستی کچان، خوێندکارانیشی گرتەوە و خوێندکارانی کچی زانکۆی ئازادی بروجێرد بەهۆی ژەهراویبوون ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و میدیاکانی سەر بە ڕێژیم بەرپرسیاریەتیی ئەو ژەهراویکردنەیان وەکوو قەیرانەکانی دیکە خستووەتە ئەستۆی دوژمنان.

سەرەڕای ئەو تۆمەتانەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەیخەنە سەر شانی دوژمنان، بە وتەی ناوەندە تەندروستییەکانی ڕێژیم، هەتا ئێستا لانیکەم هەزار و ٢٠٠ قوتابی ژەهراوی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.