کەریم پەرویزی
له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ بیر له چه‌مكه‌كان ده‌كاته‌وه، پرسیاری لا دروست بووه و له‌وه‌ته‌ی پرسیار ده‌كا، و‌ڵامی جۆره‌به‌جۆری داوه‌ته‌وه. ئه‌م وه‌ڵامه جۆربه‌جۆرانه جیاوازیی خولقاندووه و جیاوازییه‌كان ده‌مه‌قاڵه‌یان لێ كه‌وتووە‌ته‌وه. گه‌ر ده‌مه‌قاڵه‌كان هه‌ر له دیوی گفتوگۆ فیكری و فه‌لسه‌فییه‌كاندا مابێتنه‌وه، پێشكه‌وتنی هزر و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای نوێیی لێ به‌رهه‌م هاتووه و ئه‌و ده‌مه‌قاڵانه كه به كه‌سانی كه‌متر ئاگا له پرسه‌كان گه‌یشتوون، زۆرتر شه‌ڕ و ماڵوێرانیی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه .
پرسی یه‌كسانیی نێوان مرۆڤه‌كان یان جیاوازیی خوێن و نژادیان پرسێكی كۆنه و هه‌ر له یه‌كه‌م قوتابخانه‌كانی فیكری له ئاتێنی یۆنانی كۆنه‌وه بگره تاكوو ئێستا ئه‌و پرسه هه‌بووه كه ئایا مرۆڤه‌كان هه‌موو به یه‌كسانی له‌دایک ده‌بن و جه‌وهه‌ری مرۆییان وه‌كوو یه‌كه یان به‌پێی بنه‌ماڵه یان نژاد یان ڕه‌نگ یان خوێن یان ئایین و ... جیاوازن؟
گه‌ر بڕوات به‌وه هێنابێ كه مرۆڤه‌كان به یه‌كسانی له‌دایک نابن و جیاوازن له باری نژاد و خوێن و هه‌ر چییه‌وه، ئه‌وكات بیر له‌وه ده‌كه‌یه‌وه كه ئایا ئه‌م جیاواز‌ییه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی نرخیشیان یان باشتر بڵێین بایه‌خ و ئه‌رزشیشیان جیاوازه؟ ڕه‌نگه كه‌سێ بڕوای وابێ كه مرۆڤه‌كان به جیاوازییه‌وه له‌دایک ده‌بن و ئه‌م جیاواز‌ییه ڕه‌نگامه‌یی له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی دروست ده‌كا، به‌ڵام ئه‌م جیاوازییانه ڕووكه‌شن و له جه‌وهه‌ری مرۆڤ‌بوون‌دا هیچ جیاوازییه‌كیان نییه و بۆیه بایه‌خیان وه‌كوو یه‌كه و ئه‌م بایه‌خی وه‌كو یه‌كه، مافی وه‌كوو یه‌كیشیان پێ ده‌دا.
ڕه‌نگه كه‌سی دیكه‌ش پێی وابێ كه جیاوازیی نێوان مرۆڤه‌كان ته‌نیا جیاوازیی ڕووكه‌ش نییه و له كردار و هه‌ڵسوكه‌ت و ڕۆڵیان له كۆمه‌ڵگاشدا كاریگه‌ریی ده‌بێ و هه‌ر ئه‌مه ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی كه بایه‌خی جیاوازیشیان بۆ دابنێ و بایه‌خی جیاواز ڕۆڵی جیاواز و ماف و ئه‌ركی جیاوازیشیان بۆ دیاری ده‌كا.
تا ئێره گه‌ر له دیوی گفتوگۆی فیكریدا بمێنێته‌وه، ڕه‌نگه ئاسایی بێته به‌رچاو هه‌رلایه‌ك باس له هۆكاره‌كان و لۆژیكی بیركردنه‌وه‌یان بكه‌ن بۆ سه‌لماندنی ڕای خۆیان، به‌ڵام كه له دیوی داخراو دێته ده‌ر و له كۆمه‌ڵگادا بڵاو ده‌بێته‌وه، ئیدی ڕه‌نگه هه‌موو كه‌س ئه‌وه‌نده قووڵ نه‌بێته‌وه له بابه‌ته‌كان و به ڕووكه‌شی شتێک وه‌ر بگرێ و وه‌رگرتنی ڕووكه‌شی ماناكان، به‌رچاوته‌نگی و چه‌قبه‌ستوویی دێنێته ئاراوه و هه‌ر بۆیه ده‌بینین كه به درێژایی مێژوو، میلیۆنان كه‌س كوژراون ته‌نیا و ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێیان وابووه كه هه‌ر له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونیان خوێنێكی جیاواز ڕژاوه‌ته نێو ده‌ماره‌كانیان!
ئه‌مه تا ئێره‌ش ڕه‌نگه به سووک وه‌ربگیرێ و بگوترێ كه ئه‌وه هی مێژووه و مرۆڤ تێگه‌یشتنی ئه‌وه‌نده قووڵ نه‌بووه كه بزانێ ئه‌و جیاوازییانه بۆ كۆمه‌ڵگا پێویستن و هیچیان نابێ ببنه بنه‌مای پێشێلكردنی ماف و جیاوازیدانانی جه‌وهه‌ری، به‌ڵام گه‌ر له‌مڕۆدا چاو لێ ده‌كه‌ی و ده‌بینی كه ئه‌و ڕوانگه و ڕوانینه به‌رچاوته‌نگانه و پڕاوپڕ له چه‌قبه‌ستووییه ئێسته‌ش له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا به‌رده‌وامن، دووباره تێ ڕاده‌مێنیه‌وه كه بڵێی ڕۆژێك بێ و هه‌تاوی هه‌قیقه‌ت به یه‌كسانی هه‌موو مێشكه‌كان ڕووناک كاته‌و‌ه؟
زیاتر له ٢٥ سه‌ده به‌سه‌ر باسه گرنگ و قووڵه‌كانی نێو بیرمه‌نده گه‌وره‌كانی یۆنانی كۆندا تێده‌په‌ڕێ و له‌وێدا هه‌ندێ هۆكار ده‌هێنرایه‌وه كه مرۆڤی واش هه‌یه كه جه‌وهه‌ری تایبه‌تی هه‌یه و له به‌رامبه‌ریشدا بەرەیەکی فیكریی دیكه هه‌بوو و ئه‌و شته‌ی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه. به‌ڵام ئێسته و به‌تایبه‌ت له سه‌ده‌ی ئینترنێت و سۆشیاڵمیدیادا كه تاكێكی ئینسانی ده‌توانێ زۆر به ئاسانی ده‌ستی به هه‌موو زانیاریه‌كان بگا و ده‌توانێ به وته‌ی ئه‌مڕۆیی سه‌دان هه‌زار فاڵۆوێری نێو سۆشیاڵ میدیای هه‌بێ، به‌ڵام به هه‌مان ڕێچكه‌ی كۆن بیر ده‌كرێته‌وه و كه‌سانێک هه‌ن كه پێیان وایه كه مرۆڤه‌كان جه‌وهه‌ری جیاوازیان هه‌یه و تاكێكی وەها هه‌یه كه چونكه كوڕی فڵانه كه‌سه ئیدی ئه‌وه ئه‌و سه‌رمایه‌ی گرنگی سیاسییه و ته‌نیا ئه‌و شیاوی له‌سه‌ره‌وه دانیشتنه و هه‌تاهه‌تایه بۆ ئه‌و بڕاوه‌ته‌وه ئه‌و كاڵا و ته‌خته!
هه‌ر له‌م سه‌ده‌یه‌د‌ا ده‌بینی كه له نێو پانتایی و قووڵایی كۆمه‌ڵگادا هێشتا بیری ئه‌وه به‌رده‌وامه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیشی هه‌یه كه نه‌ته‌وه‌كان به سووک چاو لێ ده‌كا و پێی وایه نه‌ته‌وه‌ی خۆی مه‌زنتره له هه‌موو كەس و ئه‌وانی تر ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی خێڵ و عه‌شیره‌یه‌كی لاساری سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یەکن كه له لاپه‌ره كۆنه‌كانی مێژوودا گیریان كردووه! یان پێی وایه ژن و پیاو له جه‌وهه‌ردا جیاوازن و جیاوازییه‌كی ڕووكه‌شیش نه، به‌ڵكوو جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ری كه ماف و ئه‌ركی جیایان بۆ دیاری ده‌كا و بایه‌خی جیاوازیان پێ ده‌دا.
بایه‌خی جیاوازه‌كه‌ش ته‌نیا له ئاستی قسەدا نامێنێته‌وه و ده‌گاته لێدان و ئازاردانی جسمی له‌نێو بنه‌ماڵه و له كۆڵان و گه‌ڕه‌ک و شوێنی كار و له قوتابخانه و حه‌وزه‌ی علمیه و ته‌نانه‌ت له زیندانیش‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستدرێژی و هه‌ندێ جاریش خودی ده‌ستدرێژییه‌كه ده‌كرێته سه‌ر ژنان، ته‌نیا و ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و پیاوه و ژنانی هاوكار و هاوبیری پێیان وایه كه ژن بوونه‌وه‌رێكی كه‌متر له پیاوه و بۆ ئه‌وه دروست كراوه كه بچه‌وسێندرێته‌وه.
سته‌مكاری و هه‌ڵاواردن ته‌نیا ئه‌و سته‌مكارییه به‌شێوه‌ی سیاسی دارێژراوە نییه كه ده‌سه‌ڵاتدار بێت و بڵێ با له نێوان نه‌ته‌وه‌كان یان نێوان ژن و پیاودا جیاوازی و هه‌ڵاواردن دابنێین و سیستمه‌كه وه‌ها لێ بكه‌ین، ئه‌وه ته‌نیا به‌شێكی كاره‌ساته‌كه‌یه. به‌شێكی گه‌وره‌ی كاره‌سات ئه‌وه‌یه كه ئه‌و مێشكانه‌ی كه به به‌رده‌وامی به چه‌قبه‌ستووییه‌وه دووباره سته‌مكاری به‌رهه‌م دێننه‌وه و درێژه به هه‌ڵاواردن ده‌ده‌ن و ده‌بنه خاكی ئاماده بۆ چاندنی تۆوی هه‌ڵاواردن، قه‌ت بیر له كرده‌وه و هه‌ڵسوكه‌تی خۆیان ناكه‌نه‌وه!
ئه‌و مێشكانه به شێوه‌ی ناخوداگا و كردارێكی ناوشیارانه، درێژه‌ده‌ر و كارگێڕی سته‌م و هه‌ڵاواردنن به بێ ئه‌وه‌ی چركه‌ساتێكیش بیر بكه‌نه‌وه كه ڕه‌نگه ئه‌م كرده‌وه و بیركردنه‌وه‌یان نادروست بێ. ئه‌وان له كۆمه‌ڵگا و له بنه‌ماڵه‌دا وه‌ها بار هاتوون و گومان له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی خۆیان دانانێن.
هه‌ر بۆیه سته‌مكاریی داچێندراو له‌نێو مێشكدا به بیركردنه‌وه و تێفكرینه‌وه ئه‌وی قەبووڵ نه‌كردووه كه ڕەنگه جیاوازی له نێوان مرۆڤ هه‌بێ و ڕه‌نگه ئه‌و جیاوازییانه بایه‌خی جیاواز دروست بكه‌ن و ڕه‌نگه ئه‌و بایه‌خانه ببنه هۆی چین دروستكردن له كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتدا و كه‌سانێک ده‌بنه خاوه‌ن ئێمتیاز و كه‌سانێكیش ده‌بنه چیینی به‌شخوراو به‌ڵكوو بێ بیركردنه‌وه به‌شێوه‌ی سڕكراو له مێشكی و په‌روه‌رده‌یدا چه‌قێندراوه و لای ئه‌و بۆته هه‌قیقه‌ت. ئه‌و مێشكه چه‌قبه‌ستووه، دادگه‌ری و عه‌داڵه‌ت له‌وه‌دا ده‌بینێ كه چینی خاه‌ون ئێمتیاز بن و چینی پڕ حه‌شیمه‌تتریش بێبه‌ش و به‌شخوراو بن.
ئه‌م مێشكه به‌ستێن و ئاماده‌كه‌ری ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ و سته‌مكاره و له وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كدایه كه سته‌مكاری به‌رده‌وام دووپات ده‌بێته‌وه.
له‌خۆڕا نییه كه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا وڵاتی ئێران یه‌كه‌م شۆڕشی بۆ گه‌یشتن بۆ ئازادی و یاساسه‌روه‌ری ده‌ست پێكرد به‌ڵام دوای نزیک به ١٥٠ ساڵ هێشتا نه‌گه‌یشتووه به ئاكام! چونكه به‌ستێنی سته‌مكاری و جیاوازی‌دانان و ئیمتیازی له‌خۆڕایی بۆ هه‌ندێک كه‌س و به‌شخوراوی بۆ به‌شێكی زۆر له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا ئاماده‌یه.
ئێستاش كه شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی به‌ڕێوه‌یه، ده‌بینی كه ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له‌و‌انه‌ش كه ئیدیعای به‌شداری و ته‌نانه‌ت ڕێبه‌ریی ئه‌و شۆڕشه ده‌كه‌ن، به‌ڵام لێدوان و هه‌ڵسوكه‌وتیان هه‌ر دژی ژنه! چونكه به‌ستێنی فیكری و په‌روه‌رده‌یی، به‌ستێنی سته‌مكارانه‌یه كه له هه‌ڵاواردنه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ.
ژن و پیاو لای هه‌نده گرووپی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ڕه‌نگه له دروشم‌دا وه‌كوو یه‌ک حیاسابیان بۆ بكرێ، به‌ڵام گرنگ كرده‌وه و هه‌ڵسوكه‌ت و مێشكی كۆی كۆمه‌ڵگایه كه بڕوای پێ بهێندرێ كه ئه‌و جیاوازیدانانه ته‌نیا و ته‌نیا وه‌همێكه كه دروست كراوه تاكوو سیستمی سته‌مكاری و هه‌ڵاواردنی له‌سه‌ر بونیات بنرێ. مێشكێک كه ئاماده‌ی قەبووڵكردنی سته‌م و هه‌ڵاواردن دژی ژنان بێ، ئاماده‌یه كۆمه‌ڵگاش وه‌كوو مێگه‌ل ببینێ و پێی ئاسایی بێ كه كه‌سێک ئیدیعای شوانی له‌م كۆمه‌ڵگای مێگه‌له‌دا بكات.
ئازادژیان و یه‌كسانیی ژن و پیاو ئه‌و كاته ده‌بێته واقیع كه ژنێک به ته‌نیا له كۆڵان و له ڕێگه‌یه‌كی نێو شار و گوند و له هه‌ر شوێنێكی كۆمه‌ڵگادا پیاسه بكا و هیچ نیگه‌رانی ئه‌وه نه‌بێ كه ده‌سه‌ڵات دێته‌سه‌ری و سزای ده‌دا یان پیاوێک سه‌ر ڕێی لێ ده‌گرێ و ئازاری جینسیی ده‌دا و یان كۆمه‌ڵگا به چاوی خراپ چاوی لێ ده‌كا كه ئه‌وه ئه‌و ژنه بۆ به به‌تەنیا له‌و شوێنه پیاسه ده‌كا و به عه‌یبه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌زانێ!!
وه‌ها پیاسه‌یه‌ك، ڕێگایه‌كی دوورودرێژی له‌به‌رده‌مه و ئه‌وكاته كۆمه‌ڵگا ئازاد ده‌بێ كه وه‌هم و بیری چه‌قبه‌ستووی به‌ئاساییكردنی سته‌م و هه‌ڵاواردنی تێدا وشک بكرێ. هه‌ر بۆیه‌یه كه ده‌ڵێن تا ژن ئازاد نه‌بێ سه‌رچاوه‌ی ژین لیخنه.
ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، له هه‌موو مێشكه ئازادبیره‌كان پیرۆز و به هیوای ئه‌و پیاسه دوورودرێژه ئازاده له كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌ته‌واوی دوور له هه‌ڵاواردن و سته‌مكاری‌دا!
وەرگیراو لە بەرنامەی هزرین