کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دەیان شاری ئێران و کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژی جینایەتی ژەهراویکردنی قوتابییان بەڕێوە چوو

12:39 - 16 رەشەمه 2722

بە دوای بانگەوازی شۆرای سێنفیی مامۆستایان بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی سەبارەت بە ژهراویکردنی قوتابییان لە ڕێگەی هێرشی کیمیایی و بە پشتیوانیی چەندین ڕێکخراو و لایەنی سیاسی، ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ڕەشەمە، لە دەیان شاری ئێران و کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بڵاو بووەتەوە لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز، ڕەشت، شیراز، بابۆل، کەرج، تاران، مەشهەد، لاهیجان، ئەردەبیل، زەنجان و ئیسفەهان و چەندین شاری دیکە مامۆستایان و بنەماڵەی قوتابییان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم کۆ بوونەتەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ناڕازییان لە هێندێک لە شارەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان داوە و وتوویانە: ''نەمان بۆ حکوومەتی منداڵکوژ و نەمان بۆ دیکتاتۆر.''

بەپێی زانییارییەکان هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە چەندین شوێن هێرشیان کردووەتە سەر ناڕازییان و چەندین مامۆستایان دەسبەسەر کردووە. هەروەها لە چەندین شار هێزەکانی ڕێژیم لە ترسی کۆبوونەوەی خەڵک دۆخێکی ئەمنییان پێک هێناوە.