کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانێکی دیکە لە دژی پاوە

13:32 - 16 رەشەمه 2722

تەیموور مستەفایی

  ٢٣ تا 28ی گەلاوێژی ساڵی 1358ی هەتاوی هێزێکی پاسداری دەورە‌دیتوو لە لوبنان بە فەرماندەیی چەمران و ئەبووشەریف کە بۆ داگیرکردن و ئاژاوەنانەوە هاتبوونە شاری پاوە، سەرەڕای هەموو هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە شەڕ بەداخەوە شەڕخوازان و ئەو هێزە تایبەتە و چەند بەکرێگیراوێکی نێوخۆیی توانییان شەڕ  بەسەر خەڵکی ئەو شارەدا بسەپێنن. ئەو شەڕە بەرنامەبۆداڕێژڕاوە سەری هێزە تایبەتەکەیانی خوارد و هەموویان کوژران. دوایەش خومەینی فەرمانی جیهاد لە دژی خەڵکی کوردستانی دەرکرد و بەوەش هێرش و لەشکەرکێشیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان پەرەی سەند.

پاش دەرکردنی فەرمانی جیهاد لەلایەن خومەینییەوە، هێزەکانی ڕێژیم سەرەتا هێرشیان کردە سەر شاری پاوە و پاشانیش بەبێ ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی کوردستاندا هیچ ئاڵۆزییەک هەبووبێ، هێرشیان کردە سەر هەموو ناوچەکانی کوردستان. ڕێژیم لەو شەڕەدا بەخوڵقاندنی جیناییەت و سازکردنی دوژمنکاری لەدژی خەڵکی کوردستان توانی ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ئازادی لە کوردستان کە تا ئەوکات پەناگای هەموو ئەو تێکۆشەرانە بوو کە لە بەشەکانی دیکەی ئێرانەوە دەکەوتنە بەر هێرشی کۆنەپەرەستی و دەهاتنە کوردستان، بوەستێنێ و، دیکتاتۆرییەتی ڕەشی خۆی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا سەپاند.

پاش ئەم شەڕە، ڕێژیم شاری پاوەی کردە سکۆی هێرش بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی کوردستان. ڕێژیم جگە لەو کاتەی شەڕەکە لە ئارادا بوو کە لە چوارچێوەی هاوکاری جاشەکانی ئەم ناوچەیە هیندێ یارمەتیی دان، ئیتر لە تەواوی ماوەی دەسەڵاتدارەتی خۆیدا کەمترین گرینگی بەم شارە نەدا و، لاوەکان و خەڵکەکەی بە تەواوی خستنە پەراوێزەوە.

ئێستا پاش ئەو هەمووە ساڵە ئێستا ڕێژیم پاوەی وەبیر هاتۆتەوە، ئەویش چ بیر هاتنەوەیەکی سەرنجڕاکێش، وەک لە هەواڵەکاندا هاتبوو ناوی "پاوە"یان لەسەر مووشەکێکی دوورهاوێژی کڕوز داناوە! پاش زیاتر لە چوار دەیە سیاسەتی زەبروزەنگ و کوشتاری خەڵکی پاوە و گرتن و ئێعدامکردنی دەیان کەسی خەڵکی ئەو شارە، ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەممە حاجی‌زاده فەرماندەی هەوافەزای سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە وتوووێژێکی تەلەوڤیزیۆنی ڕایگەیاند: "سوپای پاسداران خاوەن کۆمەڵە مووشەکێکە بە مەودای ٢هەزار کیلۆمیتر کە دەتوانن کەشتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکەنە ئامانج." حاجی‌زادە لە درێژە قسەکانی باسی لەوە کرد: "ئەم مووشەکە سەرچاوەی لە شەڕی نێوان سوپا و حیزبە کوردییەکان لە ساڵانی سەرەتای سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامییەوە وەگرتووە و ناوی" پاوە"ی لە سەر دانراوە"

چ ناوێکی سەیر؟! گەلۆ پاوە بەو سرووشتە جوان و دڵڕفێنەیەوە بۆ ئەوە دەبێ بکرێ بە ناوچەیەکی گەشتیاری یا مووشەکی مرۆڤ‌کوژی بە ناوەوە بکرێ؟ بەڵێ پاوە بە جێگای ئەوەی کە مووشەکی مرۆڤ‌کوژی بە ناوەوە بکرێت، باشتر وابوو بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری کە هەم دیمەنی شارەکەی پێ ڕازاوەتر دەبوو و هەم دەبووە سەرچاوەیەکی داهات بۆ لاوەکانی ئەم شارە جوانە، بەڵام ئەمە کارێک نییە کە لە کۆماری ئیسلامی بوەشێتەوە، ئەم ڕێژیمە تەنیا مەرگ و خوێن دەناسێ و بەس.

 ئامانجی ڕێژیم  لە دانانی ناوی پاوە لەسەر ئەو مووشکە بۆ ئەم چەند خاڵەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:

١- ئێستاکە ڕێژیم گڵۆڵەی تەمەنی کەوتووەتە لێژی دەیەوێ کۆنەستی خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو قۆناغە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی و ورە بە لایەنگرەکانی بدا.

٢- بەپێچەوانەی وتەکانی حاجی‌زادە کە هەڕەشە لە بەئامانج‌گرتنی کەشتییەکانی ئەمریکا یا هێرشکردنە سەر ئیسراییل دەکات، چاوسوورکردنەوەیە لە حیزبە خەباتگێڕەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

٣- مانۆڕێکە، بۆ ئەوەی بە خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پێشان بدات کە ڕێژیم هێشتا بەسەر وەزعەکەدا زاڵە و ئەوەی خەڵک لەو 5 مانگەدا لەپێناو ڕووخاندنی ڕێژیم کردوویانە و هاتوونەتە سەر شەقام کاریگەریی لەسەر ئوتوریتە و هەیمەنە و خۆی گوتەنی پێشکەوتنە سەربازییەکانی ئەوان دانەناوە.

٤- خاڵێکی دیکە لەو نێوەدا ڕەنگە یادکردنەوەیەکیش بێت، لەو تیمە پاسدارە دەورەدیتووەی لوبنان و چەمران کە ئەو شەڕەیان بە پیلانی ڕێژیم  بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاند و هەموویان کە زیاتر لە 60 کەس دەبوون کوژران.

پاش ئەم خاڵانە دەمەوێ بڵێم ڕێژیمێک کە خاوەن دەیان جۆرە مووشک بە ناوی جۆراوجۆرەوە، چۆنە ئەو مووشەکە دوورهاوێژانە، بۆ وێنە شەهابی 6 کە مەودایەکی 6500 کیلۆمیتری واتە چوار هێندی ئەم مووشەکە نوێی"پاوە" مەودا دەبڕێ، بۆ جارێک و لە وڵامی یەکێک لەو دەیان هێرشانە کە تا ئێستا لەلایەن ئیسراییلەوە دەکرێتە سەریان بەکار نەبرا؟ مادام ناتوانن بەکاری بێنن ئەی ئامانج  لە بەرهەم‌هێنانی مووشەکی نوێ چییە؟ ئەم هەموو مووشەکانەیان بۆ چییە و بۆ چ ڕۆژێکیان دەوێ؟!

دوا وتە لەم بارەوە:

لەگەڵ ئەوەدا کە خەڵکی شاری پاوە ناوی مووشەکێک لەسەر شارەکەیان بە پیلان دەزانن و زۆری پێ تووڕەن و چاودێرانی سیاسی لایان وایە ڕەنگبێ لە داهاتوودا وێرانی و کوشتارێکی دیی ڕێژیم لەسۆنگەی ئەو مووشەکەوە بەرۆکی بزووتنەوەی کورد بگرێ؛ بەڵام پاوە هەمیشە شاری جوانی و حەماسە، مەڵبەندی کوردایەتی و خەبات و قوربانیدان دەمێنێتەوە.

ئەم بابەتە لە ژمارەی ٨٤٢ی ڕۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.