کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزە سەرکوتەکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر کۆبوونەوەی مامۆستایان

16:49 - 16 رەشەمه 2722

مامۆستایانی شاری سنە و سەقز لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشی کیمیایی سەر قوتابخانەکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەریان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستایانی شاری سنە و سەقز بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان، ویستیان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سنە و سەقز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن، بەڵام هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەکەیان.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بڵاو بووەتەوە لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز، ڕەشت، شیراز، بابۆل، کەرج، تاران، مەشهەد، لاهیجان، ئەردەبیل، زەنجان و ئیسفەهان و چەندین شاری دیکە مامۆستایان و بنەماڵەی قوتابییان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم کۆ بوونەتەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

بەپێی زانییارییەکان هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە چەندین شوێن هێرشیان کردووەتە سەر ناڕازییان و چەندین مامۆستایان دەسبەسەر کردووە. هەروەها لە چەندین شار هێزەکانی ڕێژیم لە ترسی کۆبوونەوەی خەڵک دۆخێکی ئەمنییان پێک هێناوە.