کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی "یزاکا" بۆ ئیدانەکردنی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان

16:51 - 16 رەشەمه 2722

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، یزاکا لە پەیامێکدا، ژەهراویکردنی قوتابییانی قوتابخانەکانی کوردستان و ئێرانی مەحکووم کرد و ڕایگەیاند: "لە درێژەی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی گەلانی ئازادیخوازی ئێران، ئەمجارە بەهۆی پیلانێکی دزێو و نوێ لەلایەن دەستوپێوەندییەکانی شەخسی خامنەیی و بەیتی ڕێبەری، بە ژەهراویکردنی قوتابخانەکان کە زۆرینەیان کچن، ڕووخساری دێوەزمەی تاریکی ئەم ڕێژیمە زیاتر ئاشکرا دەبێت."

لە درێژەی پەیامەکدا هاتووە: "ڕێژیم دەست‌ئاوەڵەیی بە بەکرێگیراوەکانی داوە کە توواوەی ناو ویلایەتی فەقیهی ئێرانن و گوێ‌لەمستی هەمیشەیی خامنەیین و زۆر جاریش بێ باکانە بە بەرچاوی جیهانەوە باسیان لە خۆتەقاندنەوە کردووە."

"یزاکا" وێڕای ئیدانەکردنی ئەو جینایەتە داوا لە خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی دەکات، لە ئاستی وەها کردەوەیەکی تێرۆریستی بێدەنگ نەبن و ڕێگری لە دووپاتبوونەوەی ئەو جۆرە پیلانگێڕییەی ڕێژیم بکەن.

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، هەرچەند مەبەستی ڕێژیم ترساندنی ئازادیخوازانە، بە تایبەتی کچانی خوێندکار، بەڵام دەبێ نیشان بدەین ڕێژیمی جینایەتکاری ئێران ناتوانێت پێش بە زانست و ئازادی بگرێت و یەکیەتی و تەباییتان هەرەس بە دیکتاتۆرییەت و خۆسەپێنەری دێنێت.