کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆسیەی مووشەکبارانکردنی قەڵای دێموکرات گەیشتە دادگای فێدراڵی ئەمریکا

16:55 - 16 رەشەمه 2722

پارێزەرێکی مافەکانی مرۆڤ لە ئەمریکا دۆسیەی مووشەکبارانکردنی قەڵای دێموکرات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوەی بردووەتە دادگای فێدراڵی ئەمریکا.

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، عەلی هێرسچی، پارێزەری دادگای فێدراڵی واشنگتۆن، لە وتووێژێک لەگەل تێلێڤیزیۆنی کوردکاناڵ، ڕایگەیاند: دۆسیەی مووشەکبارانکردنی قەڵای دێموکرات لە خاکی هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە دادگای فێدراڵی واشنگتۆن کە لەو هێرشە مووشەکییەدا هاووڵاتییەکی خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمریکایی بە ناوی عومەر مەحموودزادە، ناسراو بە "چیچۆ" شەهید کرا و لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە ئەمریکا سکاڵایان بە دژی کۆماری ئیسلامی لە دادگای فێدراڵی واشنگتۆن تۆمار کردووە.

ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە وەکوو پارێزەی کەیسی عومەر مەحموودزادە، ئەو کەیسەیان لە دادگای فێدراڵی واشنگتۆندا پەسەند کردووە کە لەلایەن هاوسەر و کچەکەیەوە بە دژی کۆماری ئیسلامی و سپای تێرۆریستی پاسداران تۆمار کراوە.

لە دادگای فێدراڵدا یاسایەک هەیە کە لە هەر کوێ هێرشی تێرۆریستی بکرێتە سەر هاووڵاتییانی ئەمریکایی، دادگای فێدراڵ بە مافی خۆی دەزانێت کە پشتیوانیی لێ بکات. عومەر مەحموودزادەش یەکێک لەو هاووڵاتییە ئەمریکاییانەیە کە لە هێرشی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیدا شەهید کرا و دادگای فێدراڵی واشنگتۆن خەریکی لێکۆڵینەوەی وردە لەسەر ئەو دۆسیەیە.

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاوی، سپای تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی، بە دڕۆنی خۆتەقێن و مووشەکی بالستیک، شوێنی مەدەنی و کەمپەکانی نیشتەجێبوونی حیزبی دێموکراتی کردە ئامانج و لە ئاکامدا نزیکەی ١٠ کەس شەهید بوون و یەکێک لەوان شەهید چیچۆ بوو کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکا بوو.