کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی "شەرەفکەندی، شکۆی شۆڕشگێڕی"

22:25 - 16 رەشەمه 2722

کتێبی "شەرەفکەندی، شکۆی شۆڕشگێڕی" تازەترین بەرهەمی بەشی چاپەمەنیی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چاپ و بڵاو بۆوە.

"شەرەفکەندی، شکۆی شۆڕشگێڕی"، یادنامەی شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندییە و بڕیار بوو لە ٣٠ ساڵەی تێرۆری مێکونووسدا بڵاو بێتەوە، بەڵام بەهۆی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب، چاپ و بڵاوبوونەوەی چەند مانگێک دواکەوت.

عەلی بداغی، بەرپرسی بەشی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانی حیزبی دێموکرات لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان‌مێدیا" ڕایگەیاند ئەم کتێبە ٥٣٠ لاپەڕەییە وەک یادنامەیەک لە شەش بەشی سەرەکی پێک‌هاتووە. لە بەشی سەرەتای کتێبەکەدا ڕاپۆرتی ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەکانی تایبەت بە ٣٠ ساڵەی تێرۆری مێکونووس و هەروەها چەند بابەت و وتووێژی تایبەت بەو بۆنەیە داندراوە. بەشی دووهەمی کتیبەکە بۆ بڵاوبوونەوەی توێژینەوەیەکی ئاکادمیک و کۆمەڵە کۆمەڵە وتارێک تەرخان کراوە کە لەسەر کەسایەتیی د. شەرەفکەندی و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان و خەبات و هەروەها تێرۆری مێکونووس نووسراون.

بەڕێزیان لە درێژەدا گوتی: "لە مێکونووسەوە هەتا پێرلاشز"، "چەپکێک لە وتار، وتووێژ و نووسینەکانی د. شەرەفکەندی"، "ڕووماڵی ڕووداوەکانی دوای تێرۆری مێکونووس و ڕەنگدانەوەی ئەو ڕووداوە لە کوردستان، ناوچە و جیهان بە هێنانەوەی فاکت لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ئەوکات" چەند فەسڵێکی دیکەی ئەو کتێبەن. لە بەشی کۆتایی کتێبەکەشدا کۆمەڵە بابەت و دەقی ئەدەبی هاتوون کە لە پەسنی دوکتور شەرەفکەندیدا نووسراون و گوتراون.

بەرپرسی بەشی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانی حیزب لە کۆتایی لێدوانەکەیدا گوتی: ئەم کتێبە ئەمەگناسییەکی بچووکە لەپێناو پتر ناساندنی بیروهزری مەزنی د. سادق شەرەفکەندی و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیان و خەباتی ئەو گەورەپیاوەی مێژووی کورد.