کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی بەرفراوانی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان

10:33 - 21 خاکەلێوه 2723

لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەکانی شارەکانی سەقز، سنە، دیواندەرە و ورمێ، ژمارەیەکی بەرچاو قوتابی ژەهراوی کران و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواسترانەوە کە دۆخی تەندروستیی ژمارەیەکیان مەترسیدار ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر لانیکەم ٦ قوتابخانەی کچانە بە ناوەکانی چەمران، مێعراج، تاڵەقانی، سومەیە، بینتولهودای سەدر و ئیستقلال لە شاری سەقز.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانە، لانیکەم ٨٥ قوتابیی خەڵکی سەقز بۆ نەخۆشخانەکانی "خومەینی" و "شەفا"ی ئەو شارە گواستراونەتەوە کە دۆخی تەندروستیی زیاتر لە ٢٠ کەسیان، ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

هەروەها هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی شەوانەڕۆژیی عیسمەت بەشی زەڕینە لە شاری دیواندەرە و بەهۆی ئەم هێرشانەوە ژمارەیەکی بەرچاو قوتابی ژەهراوی کراون و بۆ نەخۆشخانەکان ڕاگوێزراون.

هەر لەم پێوەندییەدا قوتابخانەکانی کچانەی بەهمەنی و جەماران لە شاری سنە و هونەرستانی کوڕانەی موتەهەری لە شاری ورمێ کەوتنە بەر هێرشی کیمیایی و ژمارەیەکی زۆری قوتابییانی ئەم قوتابخانانە ژەهراوی کران.

لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا، ڕۆژی یەکشەممە خەڵکی سەقز ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیم دروشمیان وتەوە و هێزەکانی ڕێژیم لە گەڕەکی "شەهناز"ی ئەم شارە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵک کرد و ژمارەیەک خۆپیشاندەریشیان دەسبەسەر کرد.