بازاڕییانی شاری سەقز، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابییانی ئەو شارە، دووکان و بازاڕەکانیان داخست.
ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، خەڵکی شاری سەقز، بە تایبەتی دووکانداران و بازاڕییانی ئەو شارە، دژ بە هێرشى کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەى کچان، مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند و هەموو دووکان و بازاڕەکانیان داخست.
لە درێژەی مانگرتنی هاووڵاتییانی سەقز، ئەمڕۆ دووشەممە هەموو قوتابخانەکانی ئەو شارە داخران و مامۆستاکان نەچوونەتە سەر کارەکانیان.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، هێرشی کیمیایی کرایە سەر لانیکەم ٦ قوتابخانەی کچانە بە ناوەکانی چەمران، مێعراج، تاڵەقانی، سومەیە، بینتولهودای سەدر و ئیستقلال لە شاری سەقز.
لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا لانیکەم ٨٥ قوتابیی خەڵکی سەقز بۆ نەخۆشخانەکانی "خومەینی" و "شەفا"ی ئەو شارە گواسترانەوە کە دۆخی تەندروستیی زیاتر لە ٢٠ کەسیان ناجێگیر ڕاگەیەندرا.