کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پاڵپشتیی ناوەندی نووسەرانی کوردستان لە مانگرتنی خەڵکی کوردستان

11:42 - 21 خاکەلێوه 2723

ناوەندی نووسەرانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، پشتیوانیی لە مانگرتنی گشتیی کوردستانییان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە، ناوەندی نووسەرانی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک، وێڕای مەحکوومکردنی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کوردستان، بەتایبەتی قوتابخانەکانی سەقز، پشتیوانیی خۆی لە مانگرتنی گشتیی کوردستانییان دەربڕی.

لە سەرەتای پەیامەکەدا هاتووە: "ژاراویبوونی قوتابییان له قوتابخانەکانی کوردستان هیشتا بەردەوامە و بەهۆی ئەو تاوانەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی ڕێژیمی ئێران، نزیک بە هەزاران قوتابی ژاراوی بوون و بەداخەوە ڕۆژی هەینی ١٨ی خاکەلێوە، منداڵێکی تەمەن ١۶ ساڵ بە ناوی کارۆ پەشاوایی، خەڵکی شاری کامێران دیسان لە شاری تاران گیانی لەدەست دا و جارێکی تر ئازار و برینی کوردستان کولایەوە."

هەروەها لە نێوئاخنی پەیامەکەی ناوەندی نووسەراندا هاتووە: "ناوەندی نووسەرانی کوردستان وەک هەڵوێستی هەمیشەیی خۆی، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیەی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بۆ سەر منداڵان و قوتابییانی کوردستان و ئێران، پاڵپشتی لە هەموو هەنگاوێکی درێژەدەرانی ڕێبازی ئازادیی نیشتمان و شۆڕشگێڕانی سەرشەقام دەردبڕێت."

لەو پەیامەدا ناوەندی نووسەران داوا لە سەرجەم نووسەران، لێکۆڵەران، ئەدیبان و کۆمەڵگەی فەرهەنگی و کولتووریی کوردستان و هەموو کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکات کە پاڵپشتی ڕۆڵەکانی گۆڕەپانی شەقام و مانگرتنی خەڵکی بە ورەی ڕۆژهەڵات بن.